Ahmet Furkan Mercan,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
14 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2023
سیئۆل/تۆکیۆ - AA
کۆریای باشوور و ژاپۆن، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە کۆریای باکوور بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای رۆژهەڵات) مووشەکی بالیستیی تاقیکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور، کۆریای باکوور کاتژمێر ٠٧:٤١ بۆ ٠٧:٥١ بەکاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ناوچەی جانگیۆن-ەوە تاقیکردنەوەکەی ئەنجامداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە مووشەکە بالیستییە کورت مەوداکان (SRBM)، دوای بڕینی ٦٠٠ کیلۆمەتر کەوتوونەتە دەریای ژاپۆنەوە.
وەزیری بەرگریی ژاپۆن، یاسوکازو هامادا ئەوەی ئاشکرا کرد کە مووشەکەکان لە دەرەوەی ناوچەی تایبەتی ئابووریی ژاپۆن کەوتوونەتەخوارەوە و زیانیان بە ناوچەکە نەگەیاندووە.
هەروەها سکرتێری کابینەی حکوومەتی ژاپۆن، هيرۆكازو ماتسونۆ باسی لەوە کرد کە حکوومەتی پیۆنگیانگ لەڕێی تاقیکردنەوە مووشەکەکانییەوە کارە ئیستیفزازییەکانی لە ناوچەکەدا زیادتر دەکات.
تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور، دوابەدوای مانۆڕە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور دێت کە دوێنێ دەستی پێ کرد و بڕیارە تا ٢٣ی ئادار بخایەنێت.
دەربارەی مانۆڕەکەش کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستبووە روو کە "ئەم مانۆڕە بەشێکە لە پلانی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی کۆریای باشوور لە پەلامارەکانی کۆریای باکوور".