Raşa Evrensel
18 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
دوای بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا لە ژاپۆن، تا ئێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتە، پێنج ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار پەلەوەریان لەناوبردووە.
چەند سەرچاوەیەک کە ناوی خۆیان ئاشکرانەکردووە بۆ دەستەی رادیۆی ژاپۆن (NHK) رایانگەیاندووە "دوایین جار لەناوبردنی ئەو ژمارە زۆرەی پەلەوەر لە زستانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦دا تۆمارکرابوو کە ئەو کات بەرپرسانی ژاپۆن ناچاربوون بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، پێنج ملیۆن و ٧٨٠ ھەزار پەلەوەر لەناو ببەن".
سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە کە تا ئێستا ئەنفلۆنزای باڵندە لە ٣٦ کێڵگەی پەلەوەر لە ١٥ پارێزگای ژاپۆن بڵاوبووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەیشداوە کە پێشبینی دەکرێت، بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، تا کۆتایی ئەم وەرزە، ژمارەی لەناوبردنی پەلەوەرەکان لە ژاپۆن بگاتە شەش ملیۆن پەلەوەر.
ئەنفلۆنزای باڵندە، یەکیکە لە نەخۆشییە گوازراوەکان، کە لە رێگەی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانەوە دەگوازرێتەوە.