Zana Natık Kerem
11 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک، ڕاکان سەعید جبوری نیگەرانی خۆی نیشاندا سەبارەت بە دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کە لە بەغدا بەڕێوچوو بە نایاسایی لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند: "ئەوەی شەوی ڕابردوو لە میانی دانیشتنەکەدا ئەنجامدراوە، ناپاکی بوو لە پێکھاتەی عەرەب".
شەوی ڕابردوو، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ئەندامانی ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێلی ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ھەڵبژێردران.
ڕاکان سەعید جبوری کە بۆ چەند ساڵێک پارێزگاری کەرکووک بوو بە بەوەکالەت لەبارەی دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە: " ئەو دانیشتنەی کە تیایدا شایستەی خەڵکەکەمان لەلایەن بەشێک لە نوێنەرەکانییەوە دزرا، بە ڕێگایەکی یاسایی نەکراوە و داواکاریی ئامادەکارییش پێشکێش بە سەرۆکی بەتەمەن نەکراوە، بەڵکو یەک لیست لە رۆژی پشوودا داوای دانیشتنەکەی کردووە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ھەوڵ دەدەین شایستەی خۆمان بەدەستبھێنن و سازشمان نەکردووە، دەستکەوتەکان کە بە خوێن و قوربانی بەدیھاتوون، بە دەستکەوتی کەسی بەخشران".
باسی لەوەش کردووە کە دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاساییە، چونکە ئەو وەکو بەتەمەنترین ئەندام بانگھێشت نەکراوە و ڕایگەیاندووە: "دانیشتنەکە، ماددەی ١٣ و کۆنووسی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی پێشێل کردووە، چونکە سازانی لەسەر نەکراوە".
ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھیچ شێوەیەک لەبارەی ئەنجامدانی دانیشتنەکە، ئاگادار نەکراونەتەوە، شوێنێکیش لە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەستنیشان کرا، لەکاتێکدا ھیچ رێگرییەکی ئەمنیی و یاسایی نەبووە بۆ ئەوەی دانیشتنەکە لەناو پارێزگاکە، ئەنجام بدرێت.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، "ئەوەی روویدا دوورخستنەوە و بێبەشکردنی نوێنەرانی ھاوپەیمانی عەرەبی بوو، ڕێکاریی یاسایی دەگرینەبەر بۆ بەدەستھێنانی شایستەکانمان".