Ramal Mahmood
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی رژێمی ئەسەد و پشتیوانانی، سەدان هەزار هاووڵاتی سڤیل لە رۆژهەڵاتی حەلەب لەژێر ترسی مەرگ و کۆمەڵەکوژیدا درێژە بە ژیان دەدەن.
رژێم و پشتیوانانی لە ١٥ی تشیرینی یەکەمەوە لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە رۆژهەڵاتی حەلەب.
ئەگەرچی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئێوارەی دوێنێ رایگەیاندبوو، رژێمی سووریا ماوەیەک هێرشەکانی رادەگرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل شارەکە بەجێ بهێڵن، بەڵام هیچ لە رەوشی حەلەب نەگۆڕدرا، تەنها دوو کاتژمێر و نیو دوای لێدوانەکەی لاڤرۆڤ لە رێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە دوێنێ بە درێژایی رۆژ لە هێرشەکانیان بەردەوام بوون بۆسەر ئەم ناوچانە.
لە ماوەی ٢٤ رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەم هێرشە چرانەوە ٩٣٥ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەست داوە. ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل لەڕێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە تۆماری دەنگی خۆیان بۆ پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو ناردووە. بەمەبەستی ئەوەی ئاژانسی ئانادۆڵو دەنگی ئەوان بە جیهان بگەیەنێت.
هاووڵاتی جەواد رەفاهی، دەڵێت: "ئیدی خێزانەکان ناتوانن بریندارەکانیان هەڵبگرن. دوێنێ هاوڕێیەکم چووە ماڵێک بینی خاوەن ماڵەکە منداڵە بریندارەکانی جێ دەهێڵێت و کۆچ دەکات. لە کۆڵانێکی وێرانە توشی پیرەژنێک بووم باسی ئەوەی دەکرد کە کاتێک خەڵک لەو ناوچەیە کۆچ دەکات ناوی خۆیان لەسەر دیواری ماڵەکانیان هەڵدەکۆڵن".
هاووڵاتی محەمەد ئەحمەد دەڵێت: "بەر لە گەمارۆدانی رۆژهەڵاتی حەلەب ٢٦ نانەواخانە لەو ناوچەیە هەبوون. بەڵام ئێستا تەنها دوو نانەواخانە کار دەکەن بە نۆرە. رۆژانە پێنج نان دەدرێتە هەر خێزانێک. هێزەکانی رژێم ئاو و کارەبایان لێ بڕیووین. بەهۆی بۆردومانکردنی بنکەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانیان ناتوانین هاووڵاتییانی مەدەنی لەژێر داروپەردووی کەلاوەکاندا دەربهێنین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی حەلەب کە سەربە هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆن سووریایە، بریتا حاجی حەسەن، لە تۆماریکی دەنگیدا کە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی ناردووە ئاماژەی بەوە داوە کە هەموو بنکە تەندروستییەکان داخراون و ناتوانن خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن. گوتی: "خواردەمەنی پێویستمان لەبەردەست دا نەماوە، بەڕێژەیەکی سنووردار نان دابین دەکرێت. شۆڕشی سووریا رووی ناوەوەی خۆی بۆ جیهان دەرخست. نەتەوە یەکگرتووەکان بە بێدەنگبوون و خەمساری سەلماندی کە رەوایەتی بەو کۆمەڵکوژییە دەدات".