چالاکانی مەدەنی لە سەرانسەر جیهانەوە خۆیان دەگەیەننە قاهیرە بۆ بەشداریکردن لە "ڕێپێوانی جیهانی غەززە"
Quds
قودس - AA
سەدان چالاکی مەدەنی لەسەرانسەری جیهانەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێپێوانێکی ئاشتیانە بۆ غەززە، گەیشتنە قاهیرەی پایتەختی میسر.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو "ڕێپێوانی جیهانی غەززە" لە نزیک دەروازەی ڕەفەح ڕێکبخرێت.
بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، دیپلۆماتەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، بڕیارە هەزاران چالاکڤان لە ٣٢ وڵاتی جیهانەوە خۆیان بگەیەننە قاهیرەی پایتەختی میسر و لە نزیک دەروازەی سنووری ڕەفەح خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
بە پێی پلانەکە، ئەو چالاکانە ڕۆژی ١٢ی حوزەیران لە قاهیرە کۆدەبنەوە و دواتر خۆیان دەگەیەننە شاری ئەریش و لەوێوە مەودایەکی ٥٠ کیلۆمەتری بۆ نزیکبوونەوە لە دەروازەی ڕەفەح بە پێ، دەگرنە بەر.
لە خۆپیشاندانەکاندا، هاووڵاتیانی کیشوەرەکانی ئەورووپا، باشوور و باکووری ئەمریکا، ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی زۆر لەوانەی کە پشتیوانی دۆزی فەڵەستین دەکەن، بەشدار دەبن.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی هائارتس ڕایگەیاندووە، ئەو چالاکڤانانە ناچنە ناو کەرتی غەززە بەڵکو لە نزیک دەروازی ڕەفەح دەمێننەوە و دواتر ئەو ٣٠٠ خێوەتەی کە کڕیویانە، پێشکەشی خەڵکی غەززەی دەکەن.
