Şeyma Uzundere
24 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئەفغانستان بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆییدا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆشکی سپیی بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکۆماری ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی ئەنجامداوە و دوایین پێشهاتەکانی ئەفغانستانیان تاوتوێ کردووە و باسی لەوە کردووە کە پرۆسەی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان لە تەواوبووندایە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە ''هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەبارەی ئەوەی کە هێرشەکانی ئێستای تاڵیبان، پێکدادانەکانی راستەوخۆ، پێچەوانەی دانوستان و بانگەشەی پشییوانییە لە چارەسەری''.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە جۆ بایدن جەختی لەسەر بەردەوامی پشتیوانیکردنی ئەفغانستان کردووەتەوە بە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆییشەوە و داوا لە کۆنگرێس کراوە بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان بە بەهای سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.
هەروەها باس لەوە کراوە کە لەو بڕە پارەیە، یەک ملیار دۆلاری بۆ کڕینی سووتەمەنی، تەقەمەنی و پارچەی یەدەگ دەبێت بۆ هێزەکانی ئەفغانستان و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان و یەک ملیار دۆلاریشی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە تەرخان دەکرێت کە لەلایەن هێزەکانی ئاسمانیی ئەفغانستانەوە ئەنجام دەدرێن.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، نیگەرانی دەربڕدراوە سەبارەت بە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر مەدەنی لە پێکدادانەکانی ئەفغانستاندا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە جۆ بایدن داوای یەکێتیی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستانی کردووە و رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لەسەر بەرپرسیارێتیە دیپلۆماسیەکانی لە پشتیوانیکردنی چارەسەری سیاسیی دادپەروەر و هەمیشەیی.