Said İbicioğlu
16 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2021
ئیستانبوڵ- AA
سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دەربارەی رووداوەکانی فەڵەستین و ناوچەکە دوان.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی بزووتنەوەی فەتح و بەرپرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، حسێن ئەلشەیخ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە مەحموود عەباس و جۆ بایدن پێکەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
حسێن ئەلشەیخ، باسی لەوەش کردووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی فەڵەستین و ناوچەکە کراوە.
پێشتریش لە ١٣ی ئایاردا مەحموود عەباس پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکەن ئەنجامدابوو.
- رووداوەکانی قودس و کەرتی غەززە
گرژییەکان لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە و بەھۆی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەڕەکی شەیخ جەڕاح و مزگەوتی ئەقسا بەردەوامن و رۆژی حەوتی ئایار بەھۆی بەکارھێنانی گوللەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، گرژییەکان ھەڵکشانیان بەخۆوەبینی.
گرووپە شۆڕشگێڕە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە، تا کاتژمیر شەشی ئێوارەی ١٠ی ئایار مۆڵەتیان دابووە ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا و گەڕەکی شێخ جەڕاح بکشێنەوە کە دەکەونە رۆژھەڵاتی قودس.
بەھۆی نەکشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل، گروپە فەڵەستینییەکان ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد.
دواتر سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.