سياسەت, جيهان

هەڵسەنگاندنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سزاکانی سەر رووسیا

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەبارەت بە سەپاندنی زنجیرەیەکی سزای نوێ بەسەر رووسیادا، ئاماژەی بەوە کرد کە دەتوانن سزای زیاتر بسەپێنن، بەڵام سزایەکی رێژەییان هەڵبژاردووە.

Dildar Baykan  | 16.04.2021 - نوێکردنەوە : 19.04.2021
هەڵسەنگاندنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سزاکانی سەر رووسیا

Washington DC

واشنتۆن - AA

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەبارەت بە سەپاندنی زنجیرەیەکی سزای نوێ بەسەر رووسیادا، ئاماژەی بەوە کرد کە دەتوانن سزای زیاتر بسەپێنن، بەڵام سزایەکی رێژەییان هەڵبژاردووە.

سەبارەت بە راگەیاندنی ئەو سزا نوێیانەی بەسەر رووسیادا سەپێندراون، بایدن لە کۆشکی سپی گوتارێکی پێشکەش کرد.

بادین باسی لەوە کرد کە لە ١٣ی نیساندا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ''راستگۆیانە و رێزداری'' لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئەنجامداوە و، رایگەیاند: ''من و پوتین بەرپرسیارێتی گەورەمان لەسەر شانە بۆ ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانمان. من بە جددی ئەو بەرپرسیارێتیە وەردەگرم، پێموایە ئەویش هەروا وەریدەگرێت''.

لە گوتارەکەیدا بایدن ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بەرپەرچی دەستوەردانەکانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکاندا دەدرێتەوە و، رایگەیاند: ''رێگە نادەین هێزێکی بیانیی کە دەستوەردان لە پرۆسەی دیموکراسیی وڵاتەکەماندا بکات بێ تاوان بمێنێتەوە''.

هاوکات بایدن باسی لە هێرشی ئەلکترۆنی سۆلەرویندس کرد کە کرایە سەر دامەزراوە فەڕمیەکانی ئەمریکا و بانگەشەی ئەوە کرا رووسیای لە پشتەوە بێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی مانگی کانوونی دووەمدا لەگەڵ پوتین باسی لەوە کردووە ئەو هێرشە وەڵامی دابێت.

گوتیشی: ''لە گفتوگۆکەی ئەم هەفتەیەماندا بە پوتینم گوت وەڵامێکی رێژەییمان دەبێت چونکە گەیشتووین بەو ئەنجامەی کە دەستوەردانیان کردووە لە هەڵبژاردنەکانماندا و لە پشت سۆلەرویندس-ەوە بوون''.

بایدن ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سزای نوێیان راگەیاندووە بۆ سەر رووسیا و، رایگەیاند: ''بە ئاشکرا بە پوتینم گوت کە دەمانتوانی زیاتریش بکەین بەڵام لەبری ئەوە رێژەییمان هەڵبژارد. ئەمریکا لە هەوڵی هەڵکشانی گرژیی و دەستپێکردنی پێکدادان نییە لەگەڵ رووسیادا. ئێمە پەیوەندییەکی سەقامگیر و پێشبینیکراو دەخوازین، بەڵام ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لەسەر دەستوەردان لە دیموکراسییمان ئەوا ئامادەم هەنگاوی زیاتر بگرمەبەر بۆ بەرپەرچدانەوە''.

هەروەها بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا رابردوویەکی دوور و درێژەی لە رکابەری لەگەڵ رووسیادا هەیە، بەڵام توانیوێتی رێگای هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان بدۆزێتەوە و، رایگەیاند: ''رووسیا و ئەمریکا بواریان هەیە جووڵەی هاوبەشی تێدا ئەنجام بدەن''.

سەرۆکی ئەمریکا بایدن، باسی لەوە کرد کە لە گفتوگۆکەیاندا لەگەڵ پوتین جەختیان لەسەر پەیوەندی کەسیی و پەیوەدنی راستەوخۆ کردووەتەوە و، رایگەیاند: ''بەو هۆیەوە داوای کۆبوونەوەیەکی یەک بە یەکم کرد لەم هاوینەدا بۆ تاوتوێ کردنی ئەو ئاستەنگیانەی ولاتەکانمان لە ئەورووپا رووبەڕووی دەبنەوە. ئێستا تیمەکانمان لەسەر ئەوە کار دەکەن''.

بایدن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا و رووسیا بەیەکەوە بەرەنگاری کێشە جیهانییەکان ببنەوە و، رایگەیاند: ''لە گفتوگۆکەماندا لەگەڵ پوتین باسم لە نیگەرانییەکانمان کرد لەبارەی کۆکردنەوەی سەرباز لە سنووری ئۆکرانیا و کریمیای داگیرکراو لە لایەن رووسیاوە. پشتیوانیمان بۆ سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا نوێ کردەوە. پوتینم ئاگادارکردەوە کە خۆبەدوورگرتن لە هەر کردەیەکی سەربازیی و پێمڕاگەیاند کە کاتی کەمکردنەوەی گرژییە''.

گوتیشی: ''پێویستە ناکۆکییەکان بە رێگەی دیالۆگ و بە قۆناغی دیپلۆماسیی چارەسەر بکرێن. ئەمریکا ئامادەیە بەشێوەیەکی بنیاتنەر درێژە بەو پرۆسەیە بدات. ئەگەر رووسیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پێشێل بکات، ئێمەش بەرپەرچی دەدەینەوە''.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پرۆژەی ''تەوژمی باکوور ٢'' هۆکار نەبووە بۆ ئەو سزایانەی خراونەتە سەر رووسیا، پوتین رایگەیاند: ''بابەتی 'تەوژمی باکوور ٢، بابەتێکی ئاڵۆزە کە کاریگەری دەکاتە سەر هاوپەیمانانمان لە ئەورووپا. ماوەیەکی زۆرە دژی ئەو پرۆژەیەم''.

سەرۆکی ئەمریکا بایدن، باسی لەوەیش کرد کە بەهۆی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلکترۆنیی و پەیوەندییان بە چالاکییەکانی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی، ١٠ دیپلۆماتکاری رووسی سنوورداش دەکەنەوە.

بەهۆی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلکترۆنیی و دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا زنجیرەیەک سزای راگەیاند کە ئابووریی رووسیا دەکەنە ئامانج.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın