Hussein Mahmoud Ragab Elkabany,Zana Natık Kerem
09 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2019
ریاز ــ AA
جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان رایگەیاند کە ئامادەن لە لێكۆڵینەوەكاندا سەبارەت بە رووداوی تەقەكردنەكەی ویلایەتی فلۆریدا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە لایەن كەسێكەوە كە هەڵگری رەگەزنامەی سعوودیە بوو ئەنجامدرابوو، هاوكاری ئەمریكا بكەن.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویكردووەتەوە كە شازادە محەمەد بن سەلمان و سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەیشكردووە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، محەمەد بن سەلمان بە دۆنالد ترەمپ-ی راگەیاندووە كە سعوودیە ئامادەییە لە لێكۆڵینەوەكاندا سەبارەت بە رووداوەی تەقەكردنەكەی فلۆریدا هاوكار بێت زانیاریش لەسەر ئەو كەسەی كە هێرشەكەی ئەنجامداوە پێشكەش بە كاربەدەستانی ئەمریكا بكات.
باسی لەوەیشكردووە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییدا، جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان هەروەها نیگەرانی خۆیشی لەهەمبەر رووداوەكە نیشانداوە و بە تاوانێكی قێزەونی لەقەڵەمداوە.
محەمەد بن سەلمان هەروەها سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆكی ئەمریكا و كەسوكاری قوربانییانی رووداوەكە كردووە.
رۆژی هەینی رابردوو رووداوێكی تەقەكردن لە بنكەیەكی ئاسمانیی سەربە هێزی دەریاوانیی ئەمریكا لە ویلایەتی فلۆریدا باشووری ئەمریکا روویداو و بەهۆیەوە چوار كەس كوژران کە یەكێكیان ئەنجامدەری هێرشەكە کە هەڵگری رەگەزنامەی سعوودیە بوو.