Azat Muhammet
01 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2017
دهۆک - AA
وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پشتیوان سادق:
- "بوونى پەکەکە لە شنگال کێشەیەکى گەورەیە بۆ تەواوى سێکتەرەکان، رێگریشن لەبەردەم پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانى حکوومەت، زیانى زۆریشیان بە کەرتى پەروەردە و پڕۆسەى خوێندن گەیاندووە".
- "هەر قوتابییەک لە قوتابخانەکانى سەربە پەکەکە لە شارۆچکەى شنگال وانەى خوێندبێت، ساڵى خوێندنى بە فیڕۆ رۆیشتووە بڕاوانامەکەى باوەڕ پێکراو نییە لەلایەن حکوومەتى هەرێم".
وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پشتیوان سادق رایگەیاند "تەواوى سیستەم و مەنهەجەکانى پەکەکە لەگەڵ سیستەم و مەنهەجەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جیاوازە، بۆیە هەر قوتابییەک لە قوتابخانەکانى سەربە پەکەکە لە شارۆچکەى شنگال وانەى خوێندبێت، ساڵى خوێندنى بە فیڕۆ رۆیشتووە بڕاوانامەکەى باوەڕ پێکراو نییە لەلایەن حکوومەتى هەرێم".
وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پشتیوان سادق لە میانی رێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی کردنەوەی دوو قوتابخانە لە پارێزگای دهۆک کە لەلایەن رێکخراوێکی ئەڵمانییەوە دروستکرا بوو، بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتى: "ئێمە وەک حکوومەتى هەرێمى کوردستان چەندین جار داوامان کردووە چەکدارانى پەکەکە دەست لە خاکى هەرێمى کوردستان و شارۆچکەى شنگال بەربدەن و لە ناوچەکە دەربچن، بەڵام تا ئێستا دەرنەچوون، داواکارین شنگال چۆڵ بکەن و چیدیکە نەبنە کێشە و سەر ئێشە بۆ حکوومەت و هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان".
گوتیشى: "بوونى پەکەکە لە شنگال بووەتە جێگەى نیگەرانى ئێمە، چونکە بوونى چەکدارەکانیان لەو ناوچەیە زیانى بۆ هەموو کەرتەکان هەبووە لە شارۆچکەى شنگال، کەرتى پەروەردە و پڕۆسەى خوێندن بێ بەش نەبووە لە زیانەکانى بوونى پەکەکە لە ناوچەکە، ئەم کەرتەش وەک هەموو کەرتەکانى دیکە زیانى زۆرى بەرکەوتووە، بۆیە هیوادارین پەکەکە دەست هەڵگرێت لە سیاسەتى زیان گەیاندن بە هەرێمى کوردستان و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەى لێیەوە هاتوون".
وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێم دەڵێت "جگە لەوەى پەکەکە زیانى زۆرى بە کەرتى پەروەردە و پڕۆسەى خوێندن گەیاندووە لە شنگال، هۆکاریش بووە لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەى تەواوى شارەکە بە قوتابخانەکانیشەوە، بە راستى بوونى پەکەکە کێشەیەکى گەورەى دروست کردووە لە بەردەم پڕۆژەکانى حکوومەتى هەرێم و تەنانەت ئایندەى شارۆچکەى شنگالیشى خستووەتە مەترسییەوە".
پشتیوان سادق ئاماژەى بەوەشدا کە هەر قوتابییەک لە ساڵانى رابردوو یان ئەمساڵ لە قوتابخانەکانى پەکەکەى خوێندبێت لە سنوورى شارۆچکەى شنگال، بڕوانامەکانیان بە هیچ شێوەیەک بڕوا پێکراو نییە، چونکە سیستەمى پەروەردە و مەنهەجى خوێندنى چەکدارانى پەکەکە لەگەڵ سیستەمى پەروەردە و مەنهەجى خوێندنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جیاوازە، بۆیە ئێمە ناتوانین دان بە بڕوانامەیەک بنێین کە لەسەر پەروەردەیەکى هەڵە پەروەردە کراون".
- "لە ناوچە تازە کۆنتڕۆڵکراوەکان، قوتابخانەکان ئاوەدان دەکەینەوە"
وەزیرەى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پشتیوان سادق تیشکى خستە سەر ئەو ناوچانەى لە چنگ چەکدارانى داعش کۆنتڕۆڵکراونەتەوە و گوتى: "هەموو ئەو ناوچانەى لە چنگ داعش ئازاد کراون لە لایەن پێشمەرگە، پێش داعش دوو جۆر خوێندن هەبوو، یەکەم خوێندن زمانى کوردى بوو کە سەربە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بوو، جۆرى دووەمیش بە زمانى عەرەبى بوو سەربە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى عێراق بوو، هەر قوتابخانەیەک پەیوەندى بە حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەبێت لەو ناوچانەى تازە لە چنگ داعش ئازاد کراون و بە مەرجێک لە ناوچەکە ئاوەدانى هەبێت، ئێمە ئامادەین هەموو کارێک بکەین بۆ دەستپێکردنەوە و ئاساییکردنەوەى پڕۆسەى خویندن".
لەبارەى بەربەستەکانى بەردەم ئاساییکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن لە ناوچە تازە کۆنتڕۆڵکراوەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش، پشتیوان سادق گوتى: " دوو بەربەستى سەرەکی هەن لە بەردەم ئاساییکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن لەو ناوچانەى لەلایەن پێشمەرگە لە چنگ داعش رزگار کراون، بەربەستى یەکەم تێکچوون و رووخانى بەشێکى زۆرى قوتابخانەکانە بە هۆى شەڕى داعشەوە، هەوڵدەدەین لە رێگەى چەند رێکخراوێکەوە کار لەسەر دووبارە ئاوەدانکردنەوەى قوتابخانە رووخاوەکانى ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان بکەین، هەروەها دووەم بەربەستیش بریتییە لە کەمى میلاکى دامەزراندن، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە هەوڵمان داوە چەندین وانەبێژ بەسەر ئەو قوتابخانانە دابەش بکەین کە تێیدا خوێندن ئاسایی بووەتەوە".
لە کۆتاییدا ئاشکراى دەکات نزیکەى لە ٩٠ لە سەدى لەو ناوچانەى دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەیان لەژێر دەستى داعش ئاوەدانى هەیە، پڕۆسەى خوێندنیان ئاسایی کردووەتەوە و، بەو ئومێدەن کە لە ساڵى ٢٠١٧ لە تەواوى ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان پڕۆسەى خوێندن ئاسایی ببێتەوە قوتابیان بە پەروەردەیەکى سەرکەوتوو و باش پێبگەیەنرێن".