Azad Mohammed Abdullah
05 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
دھۆک - AA
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت رایگەیاند "بە راوێژکردن لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و سووریا، ئەمریکا هێزێکى لە لوتکەى چیاى شنگال جێگیرکردووە، لەو رێگەیەوە دەیەوێت تەواوى سنوورى نێوان عێراق و سووریا بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆى".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، گوتى: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین بنکە سەربازییەکەى ئەمریکا لەسەر چیاى شنگال بۆ پاڵپشتى و بەرژەوەندییەکانى پەکەکە/یەپەگە لە سنوورى شنگال و عێراق وبۆ پاڵپشتى پەکەکە/هەسەدە لە سووریا بەکاربهێندرێت".
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو موزاحم ئەحمەد حوێت گوتيشى: "ئەمریکا پێش ئەوەى هێز بنێرێتە سەر چیاى شنگال راوێژى بە هۆزە عەرەبەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوا، ئەنبار و قەزاى شنگال لە عێراق کرد و لە سووریا ژمارەیەکى زۆر لە هۆزە عەرەبەکان راوێژیان پێکراوە. ئێمە وەکو هۆزە عەرەبەکانى ناوچەکە داواکارین دروستکردنى بنکەى سەربازى ئەمریکى لەسەر چیاى شنگال و هەبوونى هێزێکى ئەمریکى لە سنوورەکە رێگر بێت لەو هەموو پێشێلکارییانەى پەکەکە و حەشدى شەعبى بەرامبەر خەڵکى ناوچەکە ئەنجامى دەدەن".
لەبارەى وردەکارى زیاتر لەسەر هێزە ئەمریکییەکەى شنگال دەڵێت "هێزەکەى ئەمریکا بەردەوام لە زیادبوونە و تا ئێستا ژمارەیان نزیکەى ١٥٠ کەس دەبێت و بە کاروانێکى ٢٠ ئۆتۆمبێلى گەیشتوونەتە جێ، بەشى زۆریان راوێژکارى سەربازین، ئەوەى لە پلانى ئەواندایە جێگیربوونیانە لە تەواوى سنوورى نێوان عێراق و سووریا کە لە رۆژئاواى شنگالەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە قەزاى بەعاجى سەربە پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانى ئوم زیبان و ئوم جڕیس لە سنوورى هەمان قەزا و، تەواوى بیابانەکانى سنوورى پارێزگاى ئەنبار دەگرێتەوە، کاتى مانەوەشیان کراوەیە لە سنوورەکە".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوا دەشڵێت "هاتنى ئەو هێزە ئەمریکییە چەکدارانى حەشدى شەعبى تووشى شۆککردووە، بەڵام پەکەکە/یەپەگە/یەپەشە بە شێوەى حەشدى شەعبى نیگەران نین، هەر پاڵپشتییەکى ئەمریکا بۆ پەکەکە بکرێت لە شنگال و لە سنوورى نێوان عێراق و سووریا هەڵوێستمان دەبێت و قبووڵى ناکەین، چونکە پەکەکە گرووپێکى پێشێلکارن و لەژێر فەرمانى دەرەکى هاتوونەتە سنوورەکە".
بەپێى ئەو زانیارییە دزەپێکراوانەى لە نێو بەرپرسە بەناو باڵاکانى یەپەشە و یەپەگە لە شنگال بلاو بوونەتەوە جێگیربوونى ئەو هێزە ئەمریکییە بۆ پاڵپشتى کردنى پەکەکە/هەسەدە لە سووریا و ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و سووریا و زانیارییان ئاشکراى دەکەن کە ئەمریکا مەبەستییەتى بە بیانووى داعش پاڵپشتى پەکەکە/هەسەدە بکات دژى لەو ئۆپەراسیۆنەى کە گوایە لە سنوورەکانى ئەلبوکەمال و دێرەزوور دژى داعش بەڕێوەیە.