Sarmand Hameed
31 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2018
پاکستان - AA
خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، مەلالا یوسفزای گەیشتە شوێنی لەدایکبوونی لە دۆڵی سوات باکووری رۆژئاوای پاکستان.
ئەم سەردانەی یوسفزای بۆ شوێنی لەدایکبوونی بەیەکەم سەردانی دادەنرێت لەدوای کردنە ئامانجی لە لایەن چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠١٢.
ئاژانسی هەواڵی ئەسوشیتد پرێسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە کە یوسفزای و خانەوادەکەی بە هێلیکۆپتەرێکی تایبەت کە لە لایەن سوپای پاکستاوە بۆیان دابینکرابوو، گەیشتنە شاری مینگورا لە سوات.
هاوکات کەناڵی جیو نیوز لە مەلالای گواستووەتەوە کە رایگەیاندووە "ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ دۆڵی سوات لەدوای پێنج ساڵ و نیو، شانازی بە وڵات و رۆشنبیرییەکەم دەکەم".
کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مەلالا لەدوای گەیشتنی بۆ شارەکەی، چاوی کەوتووە بە هاوڕێ کۆنەکانی.
دوێنێ هەینی مەلالا یوسفزای رایگەیاند کە نیازی هەیە بە یەکجاری بگەڕێتەوە وڵاتەکەی لەدوای تەواوکردنی خوێندنی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، مەلالا یوسفزای گەیشتە پاکستان و چاوی کەوت بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، شاهید هاقان عەباسی.
مەلالای تەمەن ٢٠ ساڵ بەر لە شەش ساڵ لە لایەن چەکداری بزووتنەوی تاڵیبانەوە تەقەی لێکرا و بەهۆیەوە بریندار بوو.
مەلالا بەهۆی چالاکییەکانی لەبواری مافەکانی مرۆڤ و سەرپەرشتیکردنی هەڵمەکانی پاڵپشتی بۆ مافەکانی خوێندنی کچان لە وڵاتەکەی لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کرایە ئامانج.
مەلالا یوسفزای ساڵی 2014 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ بەخشرا لەبەرامبەر چالاکییەکانی بۆ برەودان بە خوێندنی کچان لە وڵاتەکەیدا.