Ramal Mahmood
09 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
لەندەن – AA
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن کە لە دایکبووی شاری نیویۆرکی ئەمریکایە، دەستبەرداری رەگەزنامەی ئەمریکی بوو.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، ناوی جۆنسۆن لە لیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە کە ساڵی چوار جار بەناوی "ئەو کەسانەی دەستبەرداری رەگەزنامەی ئەمریکی دەبن" بڵاوی دەکاتەوە. لیستەکە ناوی پێنج هەزار و ٤١١ کەسی لەخۆ گرتووە و لە سەروویانەوە ناوی "ئەلێکساندەر بۆریس جۆنسۆن" نووسراوە کە دەرکەوتووە ساڵی رابردوو بەئارەزووی خۆی دەستبەرداری رەگەزنامەی ئەمریکی بووە.
بۆریس جۆنسۆن لە شاری نیویۆرک لە دایکبووە و تاکو تەمەنی پێنج ساڵی لەو شارەدا ژیاوە، گلەیی لەوە کردبوو کە بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیی ئەمریکییە باجی زۆر دەدات. بەهۆی فرۆشتنی خانووەکەی لە باکووری لەندەن لە ساڵی ٢٠١٤ باجەکەی دا و لەبەردەم رای گشتی رەخنەی لەمە گرت و بە"بێتام" ناوی برد.
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا لە ئاکامی گوشاری بەرپرسانی باج و سەرانەی ئەمریکا، بۆریس جۆنسۆن ناچار بوو بڕی ٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی باج بدات.
ناوبراو تاکو ئێستا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەبارەی دەستبەرداربوونی لە رەگەزنامەی ئەمریکی.
- جۆنسۆن بەڕەچەڵەک تورکە
بۆریس جۆنسۆن نەوەی عەلی کەمای بێیە کە لەسەردەمی حکوومەتی داماد فەرید پاشا لە دەوڵەتی عوسمانی وەزیر بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ لە نیویۆرک لە دایکبووە. جۆنسۆن دوای ئەوەی لە بەریتانیا لە قوتابخانەی تایبەت دەخوینێت، بەشی زمانە کۆنەکان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو دەکات. جۆنسۆن لە رۆژنامەکانی تایمز و دەیلی تێلیگراف کار دەکات. لە ساڵی ٢٠٠١ دەبێتە پەرلەمانتار لە پارتی پارێزگاران. لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکی شارەوانی لەندەنی پایتەخت بووە.