وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان یادی کارەساتی یەکی شوباتی کردەوە
کەسوکاری شەھیدان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەدانانی تاجە گوڵینە و ھەڵواسینی وێنەی شەھیدان، بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.

Arbil
هەولێر-AA
لە ١٤ەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات کە دوو تەقینەوەی خۆکوژی ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە شاری هەولێر کردە ئامانج و بەھۆیەوە ١٠١ کەس شەھید بوون و بەدانانی تاجە گوڵینە لەسەر کۆتەڵی شەھیدانی یەکی شوبات رێز لەو شەھیدانە گیرا و یادەکە بەڕێوەچوو.
کەسوکاری شەھیدان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەدانانی تاجە گوڵینە و ھەڵواسینی وێنەی شەھیدان، بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم بەشداری بوون و هاوخەمی خۆیان بۆ ئەو کارەساتە دەربڕی و ھەر بەو بۆنەیەوەشەوە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە خۆیان بەقەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانن کە لەئەنجامی دەستی رەشی تیرۆر لەماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونەتە قوربانی و ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەوڵەکانییان بەردەوامە بۆ باشترکردنی باروگوزەرانی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی سەبارەت بەم کارەساتە گوتی: "یەکی شوبات یەکێک لەو رۆژانەیە کە دەستی دڕندە و تاریکپەرستان گەیشتە پایتەختی هەرێم و کۆمەڵێک لە سەرکردە و بەرپرس و هاووڵاتییان کردە قوربانی. لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان دەنوێنین و رابروودیەکی پڕ لە سەرەوەریان تۆمارکرد و دڵنیاشین کە داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی گەل و نیشتمانمان دەکات. سەرۆخۆشی لە شەهیدانی یەکی شوبات و سەرجەم شەهیدان و شەهیدانی شەڕی ئەم دواییەی دژ بە داعش دەکەین و خەڵکی کوردستان هەمیشە ئامادەیی ئەوەی تێدابووە کە قوربانی بدات".
بەرپرسی ئەوکاتی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە کە یەكیک بووە لە بریندارەکانی کارەساتی یەکی شوبات و لەو رێوڕەسمەدا عەدنان موفتی گوتی: "پێش چواردە ساڵ، تیرۆریستان ئەم رۆژەریان کردە رۆژێکی ماتەمینی و ئەمساڵیش کە ئەم یادە دەکەینەوە، دوژمنان توانییان بەناودەوڵەتی ئیسلامیی رابگەیەنن و ژیانی خەڵکیان تێکدا، بەڵام خۆشبەختانە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئەو گرووپە تیرۆریستییانە لەناوبران و هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانین زاڵبین بەسەر قەیرانەکان و بتوانین ئەو دۆخە تێپەڕێنین".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، مەحموود حاجی ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەم یادە، گوتی: "ئەمڕۆ چواردە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەم کارەساتە تیرۆریستییەی کە لەلایەن ناحەزانەوە توانییان پەلاماری هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن و لە چرکەساتێکدا چەند سەرکردەیە و هاووڵاتیانیش بوونە قوربانی و چوونە کاروانی شەهیدان. لێرەوە بەناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان خۆمان بە قەرزاری شەهیدان دەزانین و ئەم کارەساتە باشترین بەڵگەیە کە گەلەکەمان عیبرەتی لێ وەرگربێت و هاوهەڵوێستی حزبەکان باشترین وەڵامدەرەوەی دوژمانانە، چەند مانگێک لەمەو پێش دوژنان ویستیان هەرێمەکەمان لەناوبەرن و بەداخەوە هەندێک لە حزبەکان خۆیان بە هەندێک کارەوە خەریک کردووە کە دوورە لە کاری پێکەوەژیان و پێویستە بگەڕێیینەوە ئەو خاڵەی کە داکۆکی لە مافی چارەنوسین بکەین، مێژووی گەلەکەمان پڕە لە کۆمەڵکوژی بەڵام چونکە لە رووی سیادەوە خاوەن دەوڵەت نین، ئەوەش بووەتە کێشە کە نەتوانین لە دونیای دەرەوە داکۆکی لە سەرەوەری وڵات بکەین".
لە رۆژی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ و لە یەکەمین رۆژی جەژنی قورباندا لەئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی تیرۆریستی لە ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر زیاتر لە ١٠٠ کەس شەھید بوون کە سەرکردە و کادیر و خەڵکی مەدەنیش لەنێو شەھیدەکاندا ھەبوون. بەم بۆنە خەمناکەوە ساڵانە لە سەر کۆتەڵی شەھیدان لە پارکی سامی عەبدولرەحمان رێورەسمی کارەساتی یەکی شوبات بەڕێوەدەچێت و کەسوکاری شەھیدان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان، تاجە گوڵینە لەسەر کۆتەڵی شەھیدان دادەنێن.