Utku Şimşek
09 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2024
ئەنقەرە ــ AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا لە باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدراون، ١٠٨ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە بینای وەزارەتەکە سازی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێداگرانە درێژەی ھەیە.
زەکی ئاکتورک باسی لەوە کرد ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە، داعش و فەتۆ پێداگرانە و بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامە.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای تورکیا لە هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامیداوە لەوانەش لە باکووری عێراق و سووریا، ١٠٨ تیرۆریست لەچالاکی خراون کە ٦٧یان لە باکووری عێراق و ٤١یان لە باکووری سووریا بوون، گوتیشی: "لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئەمڕۆ لەچالاکی خراون گەیشتووەتە ٩٥٣ تیرۆریست، لەوانەیش ٤٤٣یان لە باکووری عێراق و ٥١٠یان لە باکووری سووریا بوون".
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دوو تیرۆریستیی پەکەکە کە لە دەست ڕێکخراوەکە لە باکووری عێراق هەڵاتوون خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان لە خابوور کردووە.
ئەکتورک ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٣٥٥ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش پێنجیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بوون، ڕێگرییش کراوە لە هەزار و ٥٨٢ کەس کە هەوڵیانداوە سنوور ببەزێنن و بێنە خاکی تورکیاوە.
ڕاشیگەیاند: "بەم شێوەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن دەستگیرکراون گەیشتووەتە سێ هەزار و ٤٨٨ کەس. ژمارەی ئەوانەشی پێش بەزاندنی سنوور ڕێگرییان لێکراوە گەیشتووەتە ٥٢ هەزار و ٤٤٢ کەس. لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراون، دەستگیراوە بەسەر ٤٨ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا".