Sayed Khodaiberdi Sadat
09 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
کابول- AA
شاری ئایبەک سەنتەری ویلایەتی سەمەنگان باکووری ئەفغانستان، کەوتە ژێر کۆنترۆڵی تاڵیبان.
نوێنەری شورای ویلایەتی سەمەنگان، محەمەد هاشم سەرڤەری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە شەوی رابردوو، چەکدارانی تاڵیبان پەلامارەکانیان بۆسەر شاری ئایبەک چڕ کردووەتەوە.
محەمەد هاشم سەرڤەری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەنتەری شارەکە کەوتووەتە دەست تاڵیبان و هێزە ئەمنییەکانی سەربە حکوومەتی کابول پاشەکشەیان کردووە.
بزووتنەوەی تاڵیبان ئەوەی راگەیاند کە دەستیان بەسەر تەواوی بینا حکوومییەکانی شاری ئایبەک-دا گرتووە.
لە دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، پەلامارەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان گەیشتوونەتە لووتکە و دەستی بەسەر ئەو ویلایەتانەدا گرتووە کە لە باکوورەوە ئەفغانستان بە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا-وە دەبەستنەوە.
هەرچەندە بەگوێرەی رێککەوتننامەی دۆحە، بزووتنەوەی تاڵیبان بەڵێنی دابوو تا ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ هێرش نەکاتە سەر ناوەندی ویلایەتەکان، بەڵام دواتر بۆردومانەکانی ئەمریکای کردە پاساو و هێرشی بۆسەر سەنتەری ویلایەتەکان دەست پێ کرد.
تەنها لە چوار رۆژی رابردوودا، حکوومەتی کابول کۆنترۆڵی شەش ویلایەتی لەدەستداوە و کەوتوونەتە دەست تاڵیبان.
لەئێستاشدا لە کۆی ٣٤ ویلایەت، حکوومەتی کابول سەنتەری ٢٨ ویلایەتی لەژێر دەستدایە.