Selen Temizer,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
09 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2023
بڕۆکسل - AA
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ دابینکردنی پشتیوانی سەربازیی بۆ ئۆکراینا، پێشنیازی "کڕینی هاوبەشی چەکی" خستووەتە بەردەم وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، گوتیشی: "دەتوانم بڵێم رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر ئەم پێشنیازە هاتووەتە ئاراوە، بەڵام کۆمەڵێک پرسیار هەن کە چاوەڕوانی وەڵامن".
جۆزێپ بۆڕێل دوای کۆبوونەوەی نافەرمیی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە شاری ستۆکهۆڵم، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و ئەوەی ئاشکرا کرد کە وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلێکسی رەزنیکۆڤ لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا دەربارەی رەوشی ئێستا و پێداویستییەکان، زانیاری بە وەزیران داوە.
جۆزێپ بۆرێل، ئاماژەی بەوەش دا کە تا کۆتایی ئەم مانگە یەکێتیی ئەورووپا لە ئۆکراینا مەشق بە زیاتر لە ١١ هەزار سەرباز دەکات و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بگاتە ٣٠ هەزار.
- ئەو پێشنیازەی جۆزێپ بۆڕێل بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا خستبوویەڕوو
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ دابینکردنی بەپەلەی چەکی پێویست بۆ ئۆکراینا، پێشنیازی ئەوەی خستووەتە بەردەست وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و یەکەم شتیش ئەوەیە کە وڵاتانی ئەندام "بەگوێرەی ستانداردی ناتۆ یان بەگوێرەی ستانداردی یەکێتیی سۆڤییەت، گولـلەتۆپی ١٥٥ میلیمەتری یاخود ١٥٢ میلیمەتری"ی ناو عەمبارەکانیان بنێرن بۆ ئۆکراینا.
گوتیشی: "بۆ ئەم پاکێجی هاوکارییە، داوام لە سندوقی ئاشتی ئەورووپا کرد یەک ملیار یورۆ بخاتە بەردەست وەزیرەکان".
جۆزێپ بۆڕێل دەربارەی پێشنیازی کڕینی هاوبەشی چەکیش رایگەیاند: "بۆ دابینکردنی گولـلەی ١٥٥ میلیمەتری لەڕێی ئاژانسی بەرگریی ئەورووپاوە، پێویستییمان بە داواکارییەکی هاوبەش هەیە. بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پاکێجی داواکارییەکی گشتیی کەرتی سەربازیی، پێداگریم لەسەر پێویستی هەماهەنگی کردەوە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ ماددەی دووەم پێویستییان بە دابینکردنی یەک ملیار یورۆی دیکە هەیە.
جۆزێپ بۆڕێل باسی لەوەش کرد کە سێیەم ماددەی پێشنیازەکەی تایبەت بووە بە زیادکردنی توانای پیشەسازیی کەرتی سەربازیی ئەورووپا و رایگەیاند: "ئەم سێ ماددەیە تەواوکەری یەکترن و پێویستە بەشێوەیەکی هاوتەریب کاریان پێ بکرێت. لەنێوان ئەم سێ رێگایەشدا مەودایەک هەیە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل دەربارەی هەڵوێستی وەزیرەکان بەرامبەربە پێشنیازیەکە گوتی: "دەتوانم بڵێم رێککەوتنێکی هاوبەش لە بارەی ئەم پێشنیازەوە هاتووەتە ئارا، بەڵام کۆمەڵێک پرسیار هەن کە پێویستییان بە وەڵامە. پێویستە بەوردی گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێک بکرێت. هەمووان لەسەر خێرایی بەرەوپێشچوونی پێشنیازەکە هاوڕان، چونکە هەمووان هاوڕان لەسەر پشتیوانیکردنی زۆر و خێرای ئۆکراینا".