واشنتۆن کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی ژێر دەستی داعشی لە سووریا راگەیاند
کۆشکی سپی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی راگەیاند کە لە سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بوو.
Washington
واشنتۆن - AA
کۆشکی سپی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی راگەیاند کە لە سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بوو.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندەرس لەمبارەیەوە لێدوانێکی رۆژنامەوانی داوە.
کەناڵی حوڕەی ئەمریکی لە ساندەرس-ی گواستووەتەوە "سەرجەم رووبەری ئەو خاکەی کە لە سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو، کۆنتڕۆڵکراوەتەوە".
ساندەرس راشیگەیاندووە کە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی بە وکالەت، پاتریک شانهان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی لە دوایین پێشهاتە مەیدانییەکان ئاگادار کردووەتەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی نەخشەیەکی عێراق و سووریای پێشانی رۆژنامەنووسان دا ئەوەی روونکردەوە کە رێکخراوە توندئاژۆکە هیچ رووبەرێکی لەژێر دەستدا نەماوە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ناتوانین بڵێن لێدوانەکانی ئەمریکا لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو خاکەی کە لە سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدابوو، قایلکەرە.
ئاژانسی سپۆتنیک-ی رووسی لە ئەندامی لیژنەی بەرگریی لە ئەنجوومەنی دومای رووسیا، ئیڤان تیترین-ی گواستووەتەوە کە زیاتر لە سەدا٨٠ی سەرکەوتن لە پاککردنەوەی سووریا لە تیرۆریستان دەگەڕێتەوە بۆ رووسیا و هاوپەیمانەکانی.
تیترین ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمریکا دەیەوێت گرنگی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی سووریا زیاد بکات.