Salim hemexan . Sarmand Hameed
06 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2016
هەڵۆ نادر خاوەنی سەرتاشخانەی هامنۆ، هاووڵاتیەكی تەمەن 48 ساڵی كاكەیی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و وەك پیشەی ساڵانەی خۆی بۆ نۆیەمین ساڵ لەسەر یەك و وەك رێزگرتن لەهاتنی مانگی رەمەزان، نرخی سەرتاشینی هاووڵاتیانی لەیەكەم رۆژی رەمەزاندا كردە خۆڕایی.
ئەو لەلێدوانێكدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "ماوەی 23 ساڵە كاری سەرتاشیی دەكەم لەم دوكانە بچووكەدا، نۆ ساڵە لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا سەرتاشینی هاووڵاتیان لە یەكەم رۆژی ئەو مانگە پیرۆزەدا دەكەمە خۆڕایی، ماوەی چوار ساڵیشە گۆرانكاریەكی ترم كردووە كە دابەزاندنی نرخی سەرتاشین بووە بە درێژایی مانگەكە و ئەمساڵ لە سێ هەزار دینارەوە بۆدوو هەزار دینار و بۆ ئەمساڵیش تایبەتتر بەبۆنەی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لەهاووڵاتیان كردووە دوای رەمەزانیش نرخی سەرتاشین بەیەكجاری دەكەمە دوو هەزار و پێنج سەد دینار".
خاوەنی ئەو سەرتاشخانەیە گوتیشی: "من وەك هاووڵاتیەكی دانیشتووی هەڵەبجە بە ئایین كاكەیی، بەئەركی ئایینی سەرشانی خۆمی دەزانم كە رێزی هەموو ئایینەكان بەگشتی و ئاینی ئیسلامیش كە ئایینی زۆرینەی كۆمەڵگەكەمانە بە تایبەتی بگرم و رێز لەم مانگە بنێم، بۆیە وەك كاسبكارێك بەبۆنەی ئەم مانگەوە حەزم كردووە رۆژێك لەكاسبیەكەی خۆم ببەخشم و بیكەمە دیاری ئەم مانگە".
هەڵۆ نادر یەكێكە لەئەندامی ئەو سەدان خێزانە كاكەییەی كە لەگەڕەكی شارەوانی هەڵەبجە نیشتەجێن و ماوەی سەدان ساڵە بەئارامیی لەگەڵ مسوڵمانانی شارەكەدا پێكەوە دەژین، كاكەییەكانی هەڵەبجە خەڵكی هەرسێ گوندی (هاوار، هاوارە كۆن و دەرەتوێ)ن، كە ئەو گوندانە دەكەونە باكووری رۆژهەڵاتی هەڵەبجە، ئەوان لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا وەك رێزگرتنێك لەمسوڵمانان، پەیڕەوی تەواوی رێنماییەكانی رێزگرتن لەمانگی رەمەزان دەكەن و هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانیش لەگەڵ مسوڵمانان دەكەن.
ئەوانەی لای هەڵۆ نادر سەریان چاك دەكەن هەم مسوڵمان و هەم كاكەیین، بەگوتەی خۆی "كەس لەبەر كاكەیی بوونم سڵی لەوە نەكردووەتەوە بێت سەری چاك بكەم، هەمووان بێ جیاوازی رووم تێدەكەن، یەكەم رۆژی رەمەزانی هەموو ساڵێكیش 25 بۆ 30 كەس لای من بەخۆڕایی سەر چاك دەكەن".
هەڵۆ نادر گوتیشی: "من چەند ساڵێكە دەستم بەم كارەم كردووە، بەڵام بەراستی ئەمڕۆ ئیتر رۆژی هاوكاریی و پیاوەتیە، خەڵكی نەبوونە و نیەتی، دەڵێم با هەموومان پێكەوە دەستپێبكەین، ئێستاش زووە بۆهاوكاریی هاووڵاتیان و خەڵكی كەمدەرامەت، با لەسبەینێوە دەست پێ بكەین، هەرگیز بۆهاوكاریی كردنی خەڵكی درەنگ نیە".
كاكەییەكان(یارسانەكان)ی هەڵەبجە ئاینی جودای خۆیانیان هەیە و سەدان ساڵە لەگەڵ دانیشتووانی تری مسوڵمانی شارەكەدا پێكەوە و بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەژین و رێز لە ئایين و بیروباوەڕی یەكتر دەگرن، ئەوەش خۆشەویستی و رێزگرتنی یەكتری لێكەوتووەتەوە و وای كردووە هیچ كێشە و گرفتێك لەسەر ئایين و بیروباوەڕی جیاواز دروست نەبێت.