Ömer Aydın,Muhammet Ali Kemal
27 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2018
پاریس-AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاشکرایکرد، مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەبێتە "سیناریۆیەکی کارەساتهێن" و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە سووریادا، ئامادەیە.
ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی کۆنفرانسی ساڵانەی باڵیۆزانی وڵاتەکەیدا کە لە کۆشکی ئێلیزە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەشکرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆماری فەڕەنسا باسی لەوەکرد کە ئەوان هێنانەخوارەوەی ئەسەدیان لە دەسەڵات وەک پێشمەرج بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و سەربازیی لە سووریا پێشمەرجی ئەوەیان تەماشا نەکردووە و گوتی: "ئەمە دەبووە سیناریۆیەکی کارەساتاوی. کێ بووە هۆی ئەوەی ملیۆنەها کەس وەک پەنابەر کۆچ بکەن؟ کێ گەلەکەی خۆی کوشت؟ دەستنیشانکردنی کاربەدەستانی سووریا، هەروەک چۆن ئەرکی وڵاتانی دیکە نییە، ئەرکی فەڕەنساش نییە، بەڵام دەستەبەرکردنی ژینگەیەک بۆ ئەوەی گەلی سووریا ئەمە ئەنجامبدەن، ئەرک و بەرژەوەندیی ئێمەیە".
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن باسی لەوەشکرد، فەڕەنسا ئامادەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە ئەگەر هات و چەکی کیمیاویی بەکارهێنرا.
ئیمانوێل ماکرۆن لە گوتارەکەیدا تیشکی خستەسەر ئەوەش کە رژێمی بەشار ئەسەد هەڕەشەی ئەوە دەکات تراجیدیایەکی نوێی مرۆیی لە ئیدلب ئەنجامبدات و گوتی: "رژێم بچووکترین نیازی بۆ قۆناغی راگوزەریی سیاسیی نیشان نەداوە. ئەمەش وا دەکات دووبارە فشارخستنە سەر رژێم و لایەنگرانی کارێکی پێویست بێت. لەو بارەیەشەوە چاوەڕوانی شتی زۆرم لە هەریەک لە رووسیا و تورکیا هەیە لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی داویانە".
سەرکۆماری فەرەنسا جەختی لەوەکردەوە کە هێڵەکانیان لەبارەی قەیرانی سووریا دیارن و بریتین لە هەریەک لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپ تیرۆریستییەکان کە هەرەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا، پشتیوانییەکی گشتگیر لە هاووڵاتییانی مەدەنی و کارکردن بۆ چارەسەرێکی سیاسیی بە هاریکاریی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد بەتایبەت ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا لەماوەی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە و گوتی: "ئیتر پێویستە ئەورووپا لە بواری ئاسایشدا بەند نەبێت بە تەنها بە ئەمریکاوە. شان دانە بەر بەرپرسیاریەتی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەربەخۆیی ئەورووپا، ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەیە".
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن تیشکی خستەسەر ئەوەش کە سەبارەت بە بابەتە ئەمنییەکان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا روونکردنەوەی نوێی دەبێت و ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ رووسیادا سەبارەت بە سووریا بەرەوپێشچوونی گرنگ وەدیهاتوون و لەبارەی بابەتە ئەمنییەکانیشەوە لەسەر ئەو چارەسەرانە رادەوەستن کە هاوبەشەکانیشیان لەخۆبگرێت.