Hemin Hüseyin
06 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
هەولێر - AA
سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی کرایەوە و ئەمەش بە یەکەم سەنتەر دادەنرێت کە بە کوالیتێکی باش و تەواوی خزمەتگوازارییەکان رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
سەنتەرەکە لەلایەن پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماڕاتی، محەمەد عەتیق فەلاحی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، سامان بەرزنجی کرایەوە.
سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت کە بەپێی ستاندارد و رێنماییە تەندروستییەکان باخ بە رەنگ و دیزاینی ناوەوەی ژوورەکان دراوە.
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەسەر داواکاری ئێمە، مانگی سووری ئیماراتی دەستی کرد بە دروستکردنی ئەو سەنتەرە چونکە ئێمە بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانی جێبەجێی بکەین و ئەم سەنتەرە بە ستاندارد و کوالێتییەکی باش دروستکراوە، کە هەموو بەشەکانی تایبەت بەم نەخۆشییەی تێدا".
نەوزاد هادی گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا مانگی سووری ئیماراتی هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە بەتایبەت هاوکاری ئاوارەکانی کردووە و ئەمەش ئەرکی ئێمەی کەمترکردووەتەوە و دەستخۆشییان لێ دەکەین".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماڕاتی، محەمەد عەتیق فەلاحی گوتی: "ئێمە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژەی ئەم سەنتەرەمان جێبەجێکرد کە پێویست بوو، هاوکات پێشووتریش هاوکاری کەمپەکانمان کردووە و یارمەتی ئاوارە و پەنابەرانمانداوە و ئەمەش بە ئەرکی سەر شانی خۆمان زانیووە و لە داهاتووشدا هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبێت".
ئەم سەنتەرە چەند بەشێکی وەکو میوزیک و وەرزش و هۆڵی دیدار و خواردنگە و نۆرینگەی تایبەت لەخۆ دەگرێت.
ئۆتیزم بریتییە لە تێکچوونی باری گەشەکردنی ئەقڵ و نیشانەکانیشی لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا دەردەکەوێت، کە کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت لەرووی چالاکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی بەدەوروبەرەوە بەجۆرێک تووشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە لەتەمەنی ھەرزەکاریدا کێشەی قسەکردن و چەند گرفتێکی دیکەیان دەبێت.