Azat Muhammet
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
دهۆک-AA
بەرپرسى نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش، حسێن کۆرۆ قاییدى رایگەیاند "هەر لە سەرەتاى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ تا ئێستا لە کۆى هەزاران کچ و ژنى کوردى ئیزدى لە مووسڵ هیچ کوردێکى ئێزدى لەلایەن سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان لەژێر دەستى داعش رزگار نەکراون".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش، حسێن کۆرۆ قاییدى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە دهۆک گوتی: "تیرۆریستانى داعش هەزاران کچ و ژنى کوردى ئێزدى لە شنگالەوە بۆ مووسڵ گواستەوە لەو شارەشدا کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، کەچى تا ئێستا تەنها ١٥ کچ و ژنى کوردى ئێزدى لە دەست داعش رزگار کراون ئەوانیش لەلایەن هاووڵاتییانەوە گەیەنراونەتە هێزەکانى پێشمەرگە، نەک سوپاى عێراق".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش، ئاشکراى کرد کە تا ئێستا هیچ کچ و ژنێک لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ رزگار نەکراون لەژێر دەستى داعش بڵاوبوونەوەى هەواڵى رزگار کردنى ٢٥٠ کچ و ژنى کوردى ئێزدى لە ژێر دەستى داعش لەلایەن سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان لە پڕوپانگەندە و بانگەشەیەکى خراپ هیچى دیکە نییە، ماوەى دوو رۆژە لێکۆڵینەوە دەکەین کە ئایا هیچ کوردێکى ئێزدى رزگار بووە لەم دوو رۆژە لەلایەن سوپاوە، کەچى بەداخەوە دەرەنجام بۆمان دەرکەوت هەواڵە درووە لە راستى".
قاییدى رووى قسەکانى دەکات سوپاى عێراق و تەواوى هێزە عێراقییەکانى بەشدار لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ بەکەمتەرخەم لە رزگارکردنى کچ و ژنانى کوردى ئێزدى لە قەڵەمیان دەدات و دەڵێت "لە کۆى هەزاران کوردى ئێزدى ژێر دەستى داعش لە مووسڵ تەنها ١٥ کچ و ژن لەلایەن هاووڵاتییانى دانیشتووى مووسڵەوە رزگار کراون، ئەمە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى فەلـلوجەمان بیردەخاتەوە کە سەدان کوردى ئێزدى لە شارەکەدا بوون کەچى شارەکە کۆنتڕۆڵکرایەوە هیچ کوردێکى ئێزدى لە شارەکەدا رزگار نەکران، بۆیە داوا دەکەین رێگە نەدەن هەمان سیناریۆ لە مووسڵ و رەققە دووبارە بێتەوە".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش دەشڵێت "لە هەفتەى رابردوو تا ئێستا لە رێگەى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى ژێردەستى داعش لە چەندین شوێنى جیاجیا ٨ کوردى ئێزدییمان رزگار کردووە، کە ٥ ئافرەت و ٣یان منداڵن کۆى گشتى ئەو ئێزدییانەى لەژێر دەستى داعش رزگار کراون تا ئێستا ٢ هەزار ٩٣٦ کەسن، لە هەمان کاتیشدا تا ئێستا ٣ هەزار ٤٠٠ کوردى ئێزدى لە عێراق و سووریا لەژێر زوڵم و ستەمکارییەکانى تیرۆریستانى داعش دەژین، داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین هاوکارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بن بۆ رزگارکردنى ئەو مرۆڤانەى کە بەردەوام لەژێر دەستى داعش دەچەوسێنرێنەوە".
بەرپرسى نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش، حسێن کۆرۆ قاییدى گوتیشی: " تیرۆریستانى داعش لە شارەکانى مووسڵ، رققە و تەلەعفەر لە رێگەى سەربازگەى ژێر زەوییەوە مەشق و راهێنانى سەربازیان بە زیاتر لە هەزار منداڵى کوردى ئێزدى کردووە، راهێنراون لەسەر ئەوەى خۆیان بتەقێننەوە".
حسێن کۆرۆ قاییدى ئاماژە بەڕۆڵى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کرد و گوتى: "لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەردەوام رێنمایی و زانیارى نوێمان پێدەدرێت بۆ رزگارکردنى کچ و ژنانى کوردى ئێزدى لە دەست داعش. بەپشتیوانی سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بارزانى شەو و رۆژمان خستووەتە سەریەک تاوەکو بتوانین هەموو ئەو کچ و ژنانە رزگار بکەین کە رۆژە رەشەکانى ژیان بەهۆى داعشەوە بەسەر دەبەن، جا لە مووسڵ بێت یان رەققە بێت لە هەر شوێنێکى دونیا بێت".
بەرپرسى نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئێزدى داوا لە هەموو لایەنێک دەکات کە پێش نووسینگەى کاروبارى رفێنراوانى کوردى ئێزدى نەکەون و هەواڵى بێ بنەما بڵاونەکەنەوە لە ماڵپەڕ و دەزگاکانى راگەیاندن و، گوتی: "داواش لە هەموو دەزگاکانى راگەیاندن دەکەم تا پشتڕاست نەبنەوە هەواڵەکان لەبارەى رزگار کردنى کچ و ژنانى کوردى ئێزدى بڵاونەکەنەوە، چونکە ئەمە زیان بە ئەو کچ و ژنانە دەگەیەنێت کە تا ئێستا رزگار نەکراون، لەوانەیە گۆڕانکارى لە ستراتیجییەتى مامەڵەکانى داعش بەرامبەر بەکوردى ئێزدى بەدواى خۆیدا بهێنێت".