Ramal Abdullah Mahmood
23 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، یان کوبیس رایگەیاند "لەوانەیە هەر چرکەساتێک شاری مووسڵ لە دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش رزگار بکرێت".
یان کوبیس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی پێشهاتەکانی عێراق و پێشڕەوییەکانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ زانیاری بە نوێنەری وڵاتانی ئەندام دا.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، یان کوبیس جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە رۆژانێکی کەمی ماوە بۆ رزگارکردنی مووسڵ لە دەست داعش و لەوانەیە هەر چرکەساتێک ئەو شارە رزگار بکرێت.
یان کوبیس ئاماژەی بەوە دا کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە شێوەیەکی بێبەزاییانە بەردەوامە لە بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی، جەختی لەوەش کردەوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا بەر لە هەموو شتێک دەبێت گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزرێت.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، یان کوبیس سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بەشی هەرە گەورەی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر داعش لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە ئەنجام، لەبەرامبەر ئەمەدا داعش لە زۆر وڵات بەردەوام دەبێت لە کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی سڤیل. هۆشداری ئەوەیشیدا کە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە و چەتەکان هەماهەنگی دەکەن بۆ قوڵکردنەوە و نانەوەی دووبەرەکی لەناو خەڵک لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی و نەتەوەپەرستیدا.
ئەو بەرپرسە نێودەڵەتییە بە پێویستیشی زانی کە دوای رزگارکردنی مووسڵ چاکسازی درێژمەودا ئەنجام بدرێت.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، یان کوبیس سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاکو ئێستا ٧٠٠ هەزار هاووڵاتیی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن.
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ٢٠٠ هەزار کەس هێشتا لەو ناوچانە دەژین کە لەژێر دەستی داعشدان.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، یان کوبیس لە کۆتایی قسەکانیدا بە پێویستی زانی هاوکاری نێودەوڵەتی بەردەوام بێت بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر زێدی خۆیان دوای رزگارکردنی تەواوەتی مووسڵ لەدەست داعش.