Muhammet Ali Kemal
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2018
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرای کرد لە ئەنجامی پەلاماردانی بنکەی ئاسمانیی حمێمیم لە سووریا، دوو سەربازی سوپای وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک گرووپ کە تا ئێستا ناسنامەیان نازانرێت رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی حمێمیم.
باس لەوەشکراوە لە ئەنجامی هێرشەکەدا، دوو سەربازی سوپای رووسیا گیانیان لەدەستداوە و ئەو دەنگۆیانەشی باس لە تێکشکانی حەوت فڕۆکەی جەنگیی لە بنکەکە بە هۆی هێرشەکەوە دەکەن، دوورن لە راستییەوە.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی یەکەکانی هەواڵگریی سووریا هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە، دەستپێکردووە و ئاستی رێوشوێنە ئەمنییەکانیش لە بنکە ئاسمانییەکە بەزرکراونەتەوە.
لە هەواڵێکی رۆژنامەی کۆمێرسانتی رووسیدا کە تیایدا پشتی بە ژمارەیەک سەرچاوەی سیاسیی و سەربازیی ناونەهێنراو بەستبوو، ئاماژە بەوەکرابوو ''گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن'' رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی حمێمیم لە پارێزگای لازقییەی سووریا کە هێزەکانی سوپای رووسیای تیادا جێگیرکراوە و بانگەشەی ئەوە کرابوو لە ئەنجامی هێرشەکەدا، زیاتر لە ١٠ سەربازی رووسی برینداربوون و لانیکەم حەوت فڕۆکە بە تەواوەتی تێکشکاون.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە چەند هەفتەی رابردوودا لە روونکردنەوەیەکدا لە حمێمیم ئاماژەی بەوەکرد فەرمانی بە یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە لە سووریا بکشێنەوە و رایگەیاند: ''کارەکانی رووسیا لە ناوەندەکانی سازان لە سووریا بەردەوام دەبێت. هەروەها چالاکییەکانی رووسیا لە هەریەک لە بنکەکانی تەرتوس و حمێمیم بە شێوەیەکی هەمیشەیی درێژەی دەبێت''.