Muhammet Ali Kemal
16 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2016
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە خۆرهەڵاتی شاری حەلەب باکووری سووریا زیاتر لە ٢٥ نەخۆشخانە بەهۆی بۆردومانکردنیانەوە داڕووخاون و نیگەرانین لە ئاسایشی دانیشتوانی سڤیل و ١٠٠ هەزار منداڵی ناوچەکە".
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی سووریا کە سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانە، لەروونکردنەوەیەکی نووسراودا رایگەیاندووە: ''بەهۆی ئەوەی شەڕو پێکدادانەکان لە خۆرهەڵاتی حەلەب گەیشتوونەتە ترۆپک، نیگەرانیی قووڵمان لە ئاسایشی دانیشتوانی سڤیل و ١٠٠ هەزار منداڵی ناوچەکە هەیە''.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە دۆخی حەلەب هەستیارە و بۆردومانی هێزکانی رژێمی سووریا و ئەو هێزانەی پشتیوانییان دەکەن، بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل بەکۆمەڵ گیان لەدەستبدەن.
- ''یان خۆت رادەست بکەرەوە یان لەبرساندا بمرە''
کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە: ''وا دەردەکەوێت کە ئامانج لە هێرشەکان بریتییە لە بەهێزکردنی گەمارۆی سەر شارەکە و دەستبەسەراگرتنی لە رێگەی ستراتیجیەتی 'یان خۆت رادەست بکەرەوە یان لەبرساندا بمرە' ''.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ''لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لەشاری حەلەب زیاتر لە ٢٥ نەخۆشخانە و کلینیک بەهۆی بۆردومانکردنیانەوە داڕووخاون. دەستراگەیشتنی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بۆ ئاوی خواردنەوە سنووردارە''.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: ''پێویستە هاوکاریی مرۆیی و رارەوی رزگارکردنی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی گونجاو لە گەڵ پێوەرە مرۆییەکاندا درووست بکرێت. هەروەک پێویستە هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێت کە دەیانەوێت لەشارەکەدا بمێننەوە. دەبێت درووستکردنی راڕەوی رزگارکردنی هاووڵاتییان پشتگوێ نەخرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل چیتر نەکرێنە ئامانج''.
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی سووریا داواشی کردووە ئاشتی لەو وڵاتە دەستەبەر بکرێت و دانوستانە سیاسییەکان دووبارە دەستپێبکەنەوە.
- رووخێنەرترین و پڕ ئازارترین پێکدادانی ناو شارە
لای خۆیشییەوە سەرۆکی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، پیتەر ماورێر لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا رایگەیاندووە: ''لە هیچ شوێنێک ئاسایش بوونی نییە. نەخۆشخانەکان، خوێندنگەکان و ماڵەکان لەژێر ئاگر و بۆردوماندان. مرۆڤەکان لە ترس و منداڵان لە دۆخێکی ناهەمواری دەروونیدا ژیان بەسەر دەبەن. مەحاڵە بتوانرێت پێناسەی ئازارەکە بکرێت. حەلەب لە جەنگێکی دڵرەقانەدایە و رۆژ بەرۆژیش بەرەو خراپتر دەچێت. رووخێنەرترین و پڕ ئازارترین پێکدادانی مێژووی نوێ لەو شارە دەگوزەرێت''.