Mehmet Şah Yılmaz
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
بەهۆی ئەو رووداوانەی دوێنێ لە دوای هەڵبژرادنە پەرلەمانییەکەی چواری تشرینی یەکەم لە کۆماری قرغیزستان سەریان هەڵدا و لەئێستادا درێژەیان هەیە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کرد ئەگەر ناچارنەبن گەشت بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام نەدەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاووڵاتییان ئاگادارکراونەتەوە لەبارەی گەشتکردن بۆ کۆماری قرغیزستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''دوای ئەو هەڵبژرادنە پەرلەمانییەی کە لە چواری تشرینی یەکەمدا لە کۆماری قرغیزستان بەڕێوەچوو، دوێنێ ئاڵۆزی لەو وڵاتە سەری هەڵدا و لەئێستاشدا بەردەوامە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەگەری هەیە هەلومەرجی ئەمنیی زیاتر تێکبچێت ئامۆژگاری هاووڵاتییانمان دەکەین ئەگەر ناچارنەبن لەم قۆناغەدا، خۆ بەدوور بگرن لە سەردانکردنی کۆماری قرغیزستان''.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەو هاووڵاتییە تورکانە کراوە کە ئێستا لە قرغیزستان-ن لە نزیکەوە چاودێری ئەو هۆشداریانە بکەن کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و باڵیۆزخانەی تورکیا لە بیشکێک بڵاودەکرێنەوە و خۆ بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و وریابن.
لە قرغیزستان ١٢ پارتی سیاسیی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی چواری تشرینی یەکەم رەتدەکەنەوە، خۆپیشاندانیان سازکرد و کۆشکی کۆماریی و بینای پەرلەمانیان داگیر کرد.