Mustafa Melih Ahıshalı
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ-AA
عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری رابەری ئاینیی ئێران، عەلی خامنەیی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەیەکی وڵاتەکەی باسی لە گرژییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کرد.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی گوتی: "رێز لەو یاسا نێودەوڵەتییانە دەگرین کە تایبەتن بە یەکپارچەیی خاکی وڵاتان. وەک وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان سوورین لەسەر ئەو بابەتە، بەتایبەت کاتێک پێکدادانەکان لەنێوان دوو وڵاتی دراوسێماندابن. لە دۆخی ئێستاشدا خاکی وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە داگیر کراوە کە بریتین لە حەوت شارۆچکە لە باشووری ئازەربایجان".
عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری رابەری ئاینیی ئێران، عەلی خامنەیی داواشی لە ئەرمینیا کرد پابەندبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە و رایگەیاند "دەمانەوێت ئەرمینیا خاکە داگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە بۆ کۆماری ئازەربایجان. نزیکەی یەک ملیۆن ئازەری بەهۆی داگیرکارییەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە و مافی خۆیانە بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان".
عەلی ئەکبەر ویلایەتی باسی لەوەش کرد کە کێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە رێگای سەربازیی چارەسەر ناکرێت و پێویستە هەوڵبدەن لە رێی دیپلۆماسییەوە بگەن بە رێککەوتن.
ناوبراو ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە ئێران دراوسێی هەردوو وڵاتە و پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجان هەیە، ئامادەیی ئێران-یشی بۆ هەموو جۆرە نێوەندگیری و هەوڵێکی ئاشتییانە دووپاتکردەوە.