Mohammed Baqi Hussein
20 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2015
بهدهستپێشخهری پارێزگاری ههكاری ناوهندێكی خلیسكێنهی سهر بهفر و یارییهکانی زستان له مێرگی بۆتان بنیاتنراوه كه دوو ههزار و 800 مهتر له ئاستی دهریاوه بهرزه و له كۆتایی ههفتهدا خهڵكی پۆل پۆل رووی تێ دهكهن.
لەئەنجامی ئەو شەپۆلە بەفرەی كە هەفتەی رابردوو ناوچەكەی گرتەوە، لە ناوەندی خلیسكێنەی مێرگی بۆتان نزیكەی یەك مەتر و 50 سانتیمەتر بەفری لێ باریوە و لە رۆژانی هەفتە و كۆتایی هەفتەدا پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆر لە هەوادارانی خلیسكێنە و یارییەكانی زستان دەكات.
دانیشتوانی هەكاری كەشی لەباری كۆتایی هەفتەیان بە هەل زانی و روویان لە ناوەندەكە كرد كە 12 كیلۆمەتر لە شارەكەوە دوورە و دوو هەزار و 800 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری وەرزش و لاوانی شارەكە رەشید گیولداڵ رایگەیاند، "یەكێك لە گرنگترین ناوەندەكانی كۆمەڵایەتی هەكاری ناوەندەكانی خلیسكێنەی سەر بەفرە".
گیولداڵ گوتی: "ئەمساڵ كەمێك درەنگ بەفر باری. لە یەكەم بەفردا ناوەندەكەمان ئامادە كرد. بەو بەفرەی كە هەفتەی رابردوو باری، ئێستا لە ناوەندەكەماندا بە بەرزی یەك مەتر 50 سانتیمەتر بەفر هەیە. وەرزی زستانی ئێمە، رەنگە لەچاو شوێنەكانی دیكەی توركیا درێژترین بێت. لە ناوەندەكەماندا تا 1ی مانگی ئایار دەتوانرێت یارییەكانی سەر بەفر ئەنجام بدرێت".
ناوبراو جەختی كردەوە كە خەڵكی خواستێكی بەرزیان هەیە بۆ یارییەكانی سەر بەفر.
گیولداڵ گوتی: "لە هەكاری ناوەندێكی دیكە نییە خەڵكی كۆتایی هەفتەی تێدا بەسەر ببەن. ئەوەی هەمانە و نیمانە، ناوەندی خلیسكێنەیە. هاووڵاتییان بە ماڵ و منداڵەوە دێنە ئێرە و بەدرێژایی رۆژ كات بەسەر دەبەن. هەندێك پیاسە دەكەن، هەندێك مقەڵی دادەگیرسێنن و هەندێكیش خلیسكێنە دەكەن. ناوەندەكەمان زۆر گرنگە بۆ هەكاری".