Hemin Hüseyin
06 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جۆزیبی کۆنتی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی ھاوبەشی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، وێرای بەخێرھاتنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، گوتی: ''لە کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشھاتەکانی شەڕی داعش و دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستانمان کرد و، بێگومان وڵاتی ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی داعش ھاوکاری سەرەکی بووە ھەم لەرووی ھاوکاری مرۆیی و ھەم لەرووی سەربازیشەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنی پەیوەنددار ھاوکار و ھەماھەنگ بوونە، سوپاسی ئیتاڵیا دەکەین بۆ پشتگیری و ھاوکارییەکانییان و ھیوادارین لە داھاتووشدا ھەروا بمێننەوە''.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ''باسی پەیوەندی ھەولێر بەغدامان کرد و، ھیوامان خواست کە ھەموو کێشەکانی ھەرێم لە رێگای دەستوورەوە چارەسەر بکرێت، ھەروەھا دووپاتی پشتگیریکردن لە حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی کرایەوە و باسی بارودۆخی ئاوارەکانمان کرد و پێکەوەژیانی و لێبوردەیی لە ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جۆزیپی کۆنتی گوتی: ''لە کۆبوونەوەکەماندا، دووپاتی ئەوەکرایەوە کە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لە رابردووەوە ھەبووە لە ھەوێنی دیموکراسیدایە و لەم رووەوە پێشکەوتن ھەبووە و پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژاردنی خۆی ئەنجام داوە و، ھیوادارین حکوومەتێک دروست بکرێت وەڵامدەری داواکارییەکانی خەڵک بێت''.
جۆزیبی کۆنتی گوتیشی: ''سەربەخۆیی کوردەکان و فیدڕاڵییەتی عێراق لەلایەن دەستوورەوە ئاماژەی پێدراوە و پێویستە وەکو رێڕەوێک بێت و ئێوە ئەو رێگایە بگرنەبەر و ئەو ئامانجەتان لە پێشینە بێت چونکە ئێوە بەھێزی خۆتان رووبەڕووی داعش بوونەتەوە و داعش ھەڕەشەیەکەی بۆ سەر ھەموولایەک''.
جۆزیپی کۆنتی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێم نێچیرڤان بارزانییەوە ستایشی ئەو تیمانەیان کراوە کە لەبواری راھێنان سوود بە ھێزی پێشمەرگە دەبەخشن.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گوتیشی: ''گفتوگۆی ئەوەمان کرد کە پەیوەندی دوولایەنە زۆر گرنگە و پێویستە گەشەسەندنی زیاتر ھەبێت و ھاوکاری لە ھەموو سێکتەرەکاندا ھەبێت، جگە لەوانەش پێویستە ھاوکاری لەبواری خوێندن و پاراستنی شوێنەواردا ھەبێت و، ئێمە ھاوکاردەبین بۆ ئەوەی چالاکییە کولتوورییەکان بەرەوپێشەوە بچن.
جۆزیبی کۆنتی جەختی لەوەشکردەوە کە لە بونیادنانەوەی مووسڵ ٤٠ کۆمپانیا لە بواری ووزە و ئابووری کار دەکەن و ئەمەش بۆ ھەموولایەک سوودبەخشە.
سهرۆكوهزیرانی ئیتاڵیا جۆزیپی كۆنتی ئێوارهی ئهمڕۆ چوارشهممه، گهیشته فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی ههولێر و لهلایهن سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێكرا و دواتر كۆبوونهوهیهكیان ئهنجام دا.
بهرهبهیانی ئهمڕۆ چوارشهممه، سهرۆكوهزیرانی ئیتاڵیا جۆزیپی كۆنتی، بهسهردانێك گهیشتبووه بهغدای پایتهختی عێراق و لهگهڵ ههریهك له سهركۆماری عێراق بهرههم ئهحمهد ساڵح و سهرۆكوهزیران عادل عهبدولمههدی كۆببۆوه.