Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری قەوارەیەكی نوێیە لە هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح دامەزراوە.
لە ئێستادا ئەو قەوارەیە دوای وەرگرتنی مۆڵەت و پەسەندكردنی قەوارەكە لە لایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانەوە، دوو بارەگای سەرەكی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كردووەتەوە و سەرقاڵی ئامادەكاری و كاركردنن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشبینی بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش دەكەن بۆ خۆیان.
گوتەبێژی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، رێبوار كەریم لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی شێوازی كاركردنی قەوارە نوێیەكەوە دوا و گوتی: "هاوپەیمانێتییەکە لە لایەن كۆمەڵێك كەسایەتی كە هەندێكیان پاشخانێكی سیاسییان هەیە و هەندێكی نوێ بنیات نراوە، ئەم هاوپەیمانێتییە كار دەكات لە پێناو دوو كۆڵەكەی سەرەكی لە كۆمەڵگەدا كە كۆڵەكەیەكیان دیموكراسیەتی راستەقینەیە. لە هەرێمی كوردستان دیموكراسیەتی رووکەشمان هەیە كە بریتییە لە بوونی حزبی زۆر و دەزگا و راگەیاندنی زۆر، بەڵام روحی دیموكراسیمان نییە كە بریتیە لە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و رێزگرتن لە میدیا و سەروەری یاسا و یەكسانی لەبەردەم یاسا و ئەوانەدا كە لە هەرێمی كوردستان ونن، بۆیە ئێمە كار لەسەر هێنانەكایەی روح و كرۆك و جەوهەری دیموكراسی دەكەین".
ئەو هەروەها گوتی: "كۆڵەكەی دووەم كە لەهەمانكاتدا كاری لەسەر دەكەین دادپەروەرییە، بە مانای ئەوەی سەرمایە و سەروەتی ئەم خەڵكە بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و بە شێوەیەكی دادوەرانە دابەش بكرێت، نەوەك بدرێتە دەست گرووپی نەوتخۆر و بەرژەوەندیخواز لە كوردستاندا، ئەوە ئامانجی سەرەكی ئێمەیە كە لەم قۆناغەدا كاری لەسەر دەكەین".
گوتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە بارەی جیاوازی ئەم هێزە نوێیە لەگەڵ هێزەكانی تردا، گوتی: "ئەوەی جیامان دەكاتەوە لە هێزەكانی تر ئەوەیە كە باوەڕمان بە كاری پێكەوەیی هەیە و باوەڕمان بە سڕینەوە و وەلاوەنانی ئەوانی تر نییە، بانگەشەی ئەوە ناكەین كە لە هەرێمی كوردستان بە تەنها ئێمە ئەم وڵاتە چاك دەكرێت، بەڵكو پێمان وایە كە بە هەموو چاكەخوازان چاك دەكرێت و بە هەموویانەوە رۆڵ و كاریگەریان هەیە كە لەنێو هێزە سیاسییەكان و لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكان هەن، دەبێت هەموو ئەمانە لە بەرەیەكی ریفۆرمخوازی چاكخواز كۆببنەوە و هەنگاو بنێن بە ئاراستەی چاكکردنی ئەم كۆمەڵگەیەدا بە ئاراستەی هێنانەدی دیموكراسیەت و داپەروەری بۆ ئەم خەڵكە".
رێبوار كەریم ئەوەشی گوت "هاوپەیمانێتییەكەمان، هاوپەیمانێتییەكە لە دەرەوەی هەموو ئایدیا و ئایین و مەزهەبێك، راستە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، بەڵام رێزی تەواوی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەگرێت و بەشێكن لەنێو ئەم هاوپەیمانێتییە و دەتوانن رۆڵ و كاریگەری خۆیان ببینن. لەهەمانكاتدا هەوڵمانداوە و لە ماوەی رابردوو دەرگامان كردەوە بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان كە پێكەوە هەوڵ بدەین ئامانجێكی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دروست بكەین، خۆشبەختانە بینیمان لەگەڵ هەندێك هێز ئامادەیی زیاتر هەیە بۆ كاركردنی پێكەوەیی، ئێستاش ئەم هاوپەیمانێتییە دەرگای كراوەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو هێز و كەسایەتییەكانی تر كە دەتوانن رۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەبێت".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر دوا و گوتی: "لە ئێستادا گرنگ نییە ئەمە باسكردنە لە یەك لیستی یان فرە لیستی، بەڵكو گرنگ یەك ئامانجی و یەك خەمییە، ئەم هاوپەیمانێتییە لەگەڵ دۆستەكانی (ئەم سێ لایەنە بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانیەتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و ئەوانەی تریش كە باوەڕیان پێیە) خاوەنی یەك ئامانجی دیاری كراون كە بریتییە لە رزگاركردنی خەڵك لەم نەهامەتییەی كە بەسەری هێنراوە، ئەوەش بەردەوام كراوە دەبێت لە پێش هەڵبژاردن كە بەیەك لیست باسی بكەین یان بۆ دوای هەڵبژاردن بە چەند لیستێك بیكەین، لەكاتێكدا وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دیاری نەكراوە و دەكرێت لەدوای دیاریكردنی وادەكەی ئەم بابەتە زیاتر بخرێتە بەر باس و گفتوگۆ".
گوتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەگەری هەیە ئەو لایەنانە هەوڵ بدەن لە هەندێك ناوچە پێكەوە كار بكەن و لە هەندێك ناوچەی تریش بە جیا كار بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبووەتە بڕیار و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لە بارەوە بدرێت.
لە بارەی پلانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ كاركردنی داهاتوویی لە دوای هەڵبژاردنەكان و بەشداری كردنی حكوومەت لەكاتێكدا سەرۆكی قەوارەكە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح پێشتر لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بووە، گوتەبێژی قەوارەكە لەو بارەیەوە گوتی: "زۆرینەی خەڵك و جەماوەری لایەنە سیاسییەكان باوەڕی بەهێزی بە دیموكراسی راستەقینە و دادپەروەری راستەقینە هەیە، خەڵك داوای مافە سەرەتاییەكانی دەكات، ئێمە بەڵێنمان پێداون كە كاری سەرەكیمان بریتییە لە دابینكردنی باشترین ژیان و حكوومەتێكی رەشید بۆ هاووڵاتی كوردستان، لەم نێوەندەشدا كار دەكەین بە ئاراستەی ئەوەی لەگەڵ هاوبەشەكانمان كە فۆڕمی داهاتووی حوكمڕانی لەدەست ئێمەدا بێت و بەم ئاراستەیە كار دەكەین، پێشمان وایە دەكرێت لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان شێوازێكی نوێ لە حوكمی رەشید لە هەرێمی كوردستان بدۆزینەوە".
ئەو لە كۆتاییدا جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی قەوارەكەیان پلانی سەرەكی كاركردنی وەرگرتنی دەسەڵاتە و بۆ ئەو مەبەستەش متمانەیان بە دەنگدەران هەیە، بە پێچەوانەوە ئەگەر دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ ئەو مەبەستە دەرگاكانی تر لەنێویاندا بژاردەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە بەردەمیاندا كراوەیە.
رۆژی 17ی ئەیلوولی 2017 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پەسەند كرد.
بەرهەم ساڵح كە سەرۆكایەتی قەوارەكە دەكات هەمان رۆژ لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر هەواڵی پەسەندكردنەكەی بڵاوكردەوە و بەدوایدا نووسیبوی "بە هیوای بەدیهێنانی حوكمڕانی باش و دادپەروەر بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان".