Mazın Asad
24 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2017
جنێڤ - AA
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند لە ماوەی سێ ساڵدا لە شەڕی ناوخۆی یەمەن، چوار ھەزار و ٧٣٣ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ھەشت ھەزار و ٢٧٢ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەتەی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ٢٦ی ئاداری ٢٠١٥دا توندوتیژییەکان لەو وڵاتە لە بەرزبوونەوەدایە و لە دوا سێ مانگی دواییدا توندوتیژییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە بەرز بووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەم مانگەی دواییدا لە ئەنجامی بۆردومانی کەشتییە جەنگییەکان و ھێرشە ئاسمانییەکان لە یەمەن، ١٠٦ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و راشگەیەندراوە کە لە ئەنجامی ھێرشکردنە سەر کەشتییەکی کۆچبەرانی سۆماڵ لە کەناراوەکانی دەریای سوور لە یەمەن ٣٢ کەس کوژرا و ١٠ کەسیش دیکەش بێسەروشوێن بوون.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە وەتەی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی یەمەن، چوار ھەزار و ٧٧٣ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ھەشت ھەزار و ٢٧٢ی دیکەش بریندار بوون و راشگەیەندراوە کە رەنگە ژمارەی قوربانیان و بریندارەکان زۆر لەو ژمارەیە بێت کە ئاشکرا کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەدا ٨٢ ھاووڵاتی یەمەن واتا ٢١ ملیۆن کەس بەپەلە پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی ھەیە.
ساڵانێکە پێکدادانی نێوان حوسییەکان و لایەنگرانی سەرکۆماری لەکارلادراوی پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لەگەڵ ھێزەکانی شەرعی حکوومەتی یەمەن لە ناوچەیەکی زۆری ئەو وڵاتە درێژەی ھەیە کە ناسەقامگیری بەدوای خۆیەوە ھێناوە.