Muhammet İkbal Arslan
02 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2022
جنێڤ - AA
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، بانگەوازی گەورەترین هاوکاریی مرۆیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کرد کە بڕەکەی ٥١ ملیار و٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
بەگوێرەی رەشنووسی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکارییە مرۆیییەکانی ساڵی ٢٠٢٣، مەزەندە دەکرێت لە ساڵی ئایندەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە هاوکاری مرۆیی وەردەگرن بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٦٥ ملیۆن کەسی دیکە زیاد بکات و بەگشتی لە ٦٩ وڵاتدا بگاتە نزیکەی ٣٣٩ ملیۆن کەس.
چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی ئایندەدا بڕی پێویست بۆ هاوکارییە مرۆییەکان بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ بە رێژەی لەسەدا ٢٥ زیاد بکات بگاتە ٥١ ملیار و٥٠٠ ملیۆن دۆلار.
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، مارتن گریفیتس رایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی پێشهاتە نائاساییەکانی ئەمساڵ پێدەنێنە ساڵی ٢٠٢٣، پێویستییەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیاد دەکەن".
گریفیتس بە ئاماژەدان بە زیادبوونی پێویستییەکان بەهۆی شەڕ و پەتا و قەیرانی ئاووهەوا، سەرنجی بۆ گرنگی بانگەوازەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان راکێشا.
بەپێی ئەو رەشنووسە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لانیکەم ٢٢٢ ملیۆن کەس لە ٥٣ وڵاتدا دووچاری قەیرانی دابینکردنی خۆراک دەبنەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٤٥ ملیۆن کەس لە ٣٧ وڵاتدا مەترسی برسێتییان لەسەر دەبێت.
دۆخی تەندروستی گشتی بەهۆی پەتای کۆرۆنا، ئاوڵەی مەیموون، نەخۆشییە گواستراوەکان و پەتاکانی ئیبۆلا و کۆلێرا دەکەوێتە مەترسییەوە.