Zana Natık Kerem
01 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2022
مۆگادیشۆ – AA
وەزارەتی راگەیاندنی سۆماڵ، کوژرانی ٤٠ چەکداری بزووتنەوەی "ئەلشەباب"ی لە باشووری ئەو وڵاتە راگەیاند.
وەزارەتی راگەیاندنی سۆماڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە هێزەکانی سوپا بە هەمامەنگیی لەگەڵ هەواڵگریی سۆماڵ و هێزەکانی سەربە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر چەکدارانی بزووتنەوەی "ئەلشەباب" لە شارۆچکەی عەلی فول تەیری سەربە شاری مەهدای لە پارێزگای هیرشبیلی سەربە هەرێمی شبیلی ناوەڕاست باشووری سۆماڵ ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٤٠ چەکداری بزووتنەوەی "ئەلشەباب" کوژراون و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.
وەزارەتی راگەیاندنی سۆماڵ داوای لە چەکدارانی بزووتنەوەی "ئەلشەباب" کردووە کە خۆیان رادەست بکەن و حکوومەت خۆشحاڵ دەبێت بەهەموو ئەوانەی کە لە بزووتنەوەکە جیا دەبنەوە.
لە ٢٦ تشرینی دووەمدا، دەسەڵاتدارانی سۆماڵ رایانگەیاندبوو کە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای سۆماڵدا بۆسەر چەکدارانی "ئەلشەباب" لە شارۆچکەی عەلی فول تەیری، ١٠٠ چەکداری بزووتنەوەکە کوژراون.
هێزەکانی حکوومەتی سۆماڵ بە هاوکاری لەگەڵ هۆزە چەکدارەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژبە چەکدارانی بزووتنەوەی "ئەلشەباب".
حکوومەتی سۆماڵ رایگەیاندووە کە لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکان تا ئێستا، سەدان چەکداری بزووتنەوەکە کوژراون و ژمارەیەک ناوچەیش لە دەستی بزووتنەوەی "ئەلشەباب" دەرهێنراون و کۆنترۆڵکراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە بزووتنەوەی "ئەلشەباب" هێرشێکی خۆکوژی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سۆماڵ لە مۆگادیشۆی پایتەخت ئەنجام دا و لە ئاکامدا، ١٥ کەس کوژران.
بزووتنەوەی "ئەلشەباب"کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤دا دامەزراوە، بزووتنەوەیەکی چەکدارییە و ئایدلۆجیای رێکخراوی "ئەلقاعیدە" پەیڕەو دەکات و تا ئێستا چەندین کردەی تیرۆریستی ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە سەدان کەس کوژراون.