Zana Natık Kerem
01 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی باڵای سەربازیی و بەرپرسی نووسینگەی ھاریکاری ئەمنی ئەمریکا لە عێراق، جەنەراڵ کیس فلپس کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھاتە ئەمنییەکانی عێراق، بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش تاوتوێ کران، هەروەها جەختیش لە گرنگیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرایەوە، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و بەردەوامیی پشتگیریی ئەمریکا بۆ پرۆسەکە، ھەروەھا پێشکەشکردنی مەشق و راھێنان بە پێشمەرگە بە پێویست زانی، لەوبارەیەوە شاندەکە سوپاسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کردووە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندە سەربازییەکەی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە کە بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی داعش بۆ ئەمریکا کاری لەپێشینەیە و لەم پێناوەشدا لە نزیکەوە لە کارکردن لەگەڵ ھاوبەشەکانی لە عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەردەوام دەبێت، خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ھاوکارییکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەربڕیووە.
راشیگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، مەترسی و ھەڕەشەکانی داعش، ھەروەھا دۆخی کەمپی ھۆل لە سووریا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی شەڕ لە ئۆکراینا و چەند پرسێکی دیکە کە جێگای بایەخی ھاوبەشی ھەردوولا بوون، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بوون.