نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەوە
- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: " ھەرێمی کوردستان زەمینە و ژینگەیەکی لەباری وەبەرھێنان و سەرمایەگوزارییە و کەرتی تایبەتی یۆنانی ھەموو دەرفەتێکی بۆ وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
Arbil
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان زەمینە و ژینگەیەکی لەباری وەبەرھێنان و سەرمایەگوزارییە و کەرتی تایبەتی یۆنانی ھەموو دەرفەتێکی بۆ وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە".
بە پێی ھەوالێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەیدا لە کۆڕبەندیی ئابووریی جیھان لە داڤۆس، ئەمڕۆ ھەینی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان کریاکۆس میتسۆتاکیس کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق و ناوچەکە، گرنگیی ھێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پێویستیی بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا، ھەروەھا بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یۆنان و دەرفەتی کار و وەبەرھێنانی یۆنانی لە ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، خرانە بەر باس.