Heman Hussein Yaseen
18 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، دەیڤید براونشتاین کرد.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا بەگشتی و ئەرکی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ئامادەییی ھێزە نێودەوڵەتییەکان، دۆخی باکوور و رۆژھەڵاتی سووریا، گرنگیی سەقامگیری، گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان و پرسی کورد لەو وڵاتە تاوتوێ کرا.
ئەوەشخراوتەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە چارەسەریی دۆخی ئاڵۆزی سووریا بە شەو رۆژێک ناکرێت و رێگەی سەربازی چارەسەر نییە، دەبێت کێشەی سووریا لە رێگەی سیاسی و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت. دەربارەی پرسی کوردیش لەو وڵاتە، نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە کە پرسی کورد دەبێت لە چوارچێوەی سووریادا چارەسەر بکرێت.
جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، دەیڤید براونشتاین جەختی لەوە کردەوە کە ھێشتا داعش لە سووریا مەترسییەکی راستەقینەیە و بۆ ئەوەش ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ھاوکاری و پشتیوانیکردنی ھێز و لایەنە ھاوپەیمانەکانی لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.