Zana Natık Kerem
18 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە ھەڵبژارنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراودا لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەنجام دەدرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پاشگەزبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و پڕۆسەکەیش لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت.
باس لەوەشکراوە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان یەکەم قۆناغی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بڕیوە کە ئەوەیش نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانە کە ئەو قۆناغە سێ مانگی خایاندووە و ھاتووە:
"لەگەڵ کۆتاییھاتنی پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران کە تا ١٥ی ئەم مانگە بەردەوامبوو، دەرکەوتووە یەک ملیۆن و ٧٣٣ ھەزار و ٣٠ دەنگدەر داتاکانی خۆیان نوێکردووەتەوە کە لەو ژمارەیە ٢٧ ھەزار و ٧٧١یان ئەو ئاوارانەن کە مافی دەنگدانیان ھەیە، بەمەیش ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە لە سیستەمی بایۆمەتری خۆیان تۆمارکردووە گەیشتووەتە ١٦ ملیۆن و ٣١١ ھەزار و ٩٦٥ دەنگدەر".
بەپێی راگەیەنراوەکە تا ئێستا ١٣ ملیۆن و ٧٥٥ ھەزار و ٦١ کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە و جگە لەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆ، چوار ھەزار ٩٤٤ چاودێری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و حەوت ھەزار و ٤٣٢ بریکاری پارت و قەوارە سیاسییەکان بۆ چاودێرکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمارکراون.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە پڕۆسەی تۆمارکردنی پارت و قەوارە سیاسییەکان و تا ئێستا مۆڵەتی دامەزراندن بە ٢٥٣ پارت دراوە، جگە لەوەش ٦٣ پارتی دیکە داواکارییەکان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی لە کۆمیسیۆن تۆمار بکرێن و ھاتووە:
"تا ئێستا ١١٨ پارت لەگەڵ ١١ ھاوپەیمانیی لە کۆی ٣٢ ھاوپەیمانیی سیاسیی کە پەسەندکراون خواستی خۆیان نیشانداوە تا بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لەئێستادا، ١٢ ھاوپەیمانیی دیکە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەبەخۆی ھەڵبژاردنەکان تۆمار دەکرین، ھەروەھا تا ئێستا ٤٧٨ کەس لەسەر ئاستی تاک خۆیان کاندیدکردووە کە لەو ژمارەیە پێنجیان لە پێکھاتەی ئێزدی، ھەشتی دیکەیان لە پێکھاتەی سابیئەی مەندائی، نۆی دیکەیشیان لە کوردی فەیلین، حەوتی دیکەشیان لە پێکھاتەی مەسیحیی، چوار دیکەشیان لەلایەن ھاوپەیمانییە سیاسییەکانەوە کاندیدکراون و ١٠٤کەی دیکەیش لەلایەن پارتەکانەوە کاندیدکراون.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوودا، بەڕێوەبچێت.