Zana Natık Kerem
08 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەھدی دەستی لەکارکێشایەوە و دواتر لە ئایاری ٢٠٢٠دا، حکوومەتێکی راگوزەر بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی پێکھێنرا کە ئەرکی سەرەکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە میانی یەک ساڵدا.
مستەفا کازمی پێشتر شەشی حوەزیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردبوو، بەڵام دواتر لەسەر پێشنیازی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەکەی بۆ ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخست.
ئەگەری ھەیە ھەڵبژاردنی پێشوەختە، رێگری لە رێککەوتنی ژێربەژێری لایەنە سیاسییەکان بکات کە ماوەی ١٨ ساڵە کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی سیاسییدا ھەیە.
دوای بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرەوڕووی ھەندێک بەرەنگاری جیددی بووەتە کە لەوانەیە پڕۆسەکە وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئومێدی لەسەرھەڵچنییەوە، بە پاک و بێگەردی بەڕێوەنەچێت، ئەوەیش بەھۆی ئەو گەندەڵییەی کە لە دامەزراوەکانی وڵاتدا بڵاوبووەتەوە.
جگە لەوەیش گرووپە چەکدارەکانی شیعە سەربە ئێران، هەروەها گرووپە چەکدارە سوننەکان، ھەڕەشەی ئەمنیییان لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دروستکردووە.
ھەروەھا پارێزگاکانی دیالە، نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەددین لەگەڵ ناوچەکانی پشتێنەی بەغدا لە رووی ئەمنییەوە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپانەدان.
مستەفا کازمی کە وەک کەسێکی سەربەخۆ بوو بە سەرۆکوەزیران ھەوڵ دەدات لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا، سەرکەوتن بەدەستبھێنێت تا بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
مستەفا کازمی وای دەبینێت کە ئەگەری ھەیە ھەڵبژاردنی پێشوەختە، رێگری لە رێککەوتنی ژێربەژێری لایەنە سیاسییەکان بکات کە ماوەی ١٨ ساڵە کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی سیاسییدا ھەیە بە تایبەتیش ھەوڵی پارتەکان بەرتەسک دەکاتەوە لەوەی کە لە رێگای پارەوە ھەوڵ بدەن سەرکردە کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسییەکان، تانەنات گەنجەکانیش بە لای خۆیاندا رابکێشن ھەروەک چۆن لە میانی ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا، روویدا.
لەگەڵ ئەوەیشدا پێدەچێت مستەفا کازمی لەو باوەڕدا نەبێت کە ھەڵبژاردنی پێشوەختە تا رادەیەک بە پاک و بێگەردی بەڕێوەبچێت لە کاتێکدا ئەو زیاتر پێداگیری دەکات لەوەی دەبێت پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لەژێر چاودێری نێودەوڵەتییدا ئەنجام بدرێت.
مستەفا کازمی بۆ رەواندنەوەی ترسەکانی لە دۆڕاندنی سەرۆکایەتی حکوومەت و دەستەبەرکردنی پاک و بێگەردی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا، لەوباوەڕدایە کە ئەگەر پڕۆسەکە لە رەوشێکی ئاسایی، دوور لە ساختەکاری و رێککەوتنی ژێربەژێری سیاسیی بەڕێوەبچێت، ئەوا سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا بەدەست دەھێنێت.
چەند سەرچاوەیەک ئاگادار بۆ میدیاکانی عێراق ئاشکرایانکردووە کە بەرلەوەی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوابخرێت، مستەفا کازمی ھانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی داوە کە تیمی چاودێری نێودەوڵەتیی رەوانەی عێراق بکات تا پڕۆسەکە بە پاک و بێگەردی بەڕێوەبچێت، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.
وێرای ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوبوونەتەوە کە باس لەوە دەکەن فراکسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەران پاڵپشتی لە مستەفا کازمی دەکات بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید بکاتەوە، بەڵام مستەفا کازمی ھیچ قەوارەێکی سیاسیی نییە تا بتوانێت چاودێرانی خۆی لە ناوەندەکانی دەنگدا دابنێت.
لە ھەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨دا، ھەندێک ھۆکاری جەوھەری بوون بە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان، چونکە چەند مانگێک بەسەر کۆتایھێنان بە شەڕی دژبە داعش تێنەپەڕبوو، جگە لەوەیش ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە کەمپەکاندا نیشتەجێکرابوون، لەگەڵ ناکۆکیی لەنێوان بەغدا و ھەولێر سەبارەت بە بوودجەی گشتیی، ھەروەھا تەرخانکردنی بوودجە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەیشدا ھەڵبژاردن لە وادەی دیارییکراوی خۆیدا لە رەوشێکی پڕ قەیران و ئاڵوزدا ئەنجامدرا.
بەپێی داتا فەرمییەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بڵاوکراوەتەوە، تا یەکی ئەم مانگە، مۆڵەتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە ٢٣١ پارت دراوە، ھەروەھا ماوەی تۆمارکردنی پارت و قەوارەکان تا یەکەمی مانگی داھاتوو درێژکراوەتەوە.
ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران رایانگەیاندووە کە لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢٠دا، ١٣٣ ملیار دینار (٩٠ ملیۆن دۆلار) بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان تەرخان کرابوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە چەند رۆژی داھاتوودا، ئەو بڕە پارەیە بگاتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.
ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پەیوەستدارە بە تێپەڕاندنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەتایبەتیش کە ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پێویستی بە خەرجی ھەیە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان کە وەزارەتی دارایی ناتوانێت بۆی دابین بکات تا بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ پەسەند نەکرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان داوای لە حکوومەت کردبوو کە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە شەشی حوەزیرانی ئەمساڵ بۆ ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوا بخات تا بتوانێت ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە تەواو بکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ١٩ی کانوونی دووەمی رابردوودا لەسەر پێشنازی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی لە شەشی حوەزیرانەوە بۆ ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخست.
دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاریدا کە پێویستە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەسیستەمی بایۆمەتری ئەنجام بدرێت، لایەنە سیاسییەکان ترسیان لەوە ھەیە، دەنگی پێویست لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا بەدەستنەھێنن و تووشی دۆڕاندنێکی گەورە بن.
ژمارەی دانیشوانی عێراق ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ ھەزار کەسە و لەو ژمارەیە ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥یان مافی دەنگدانیان ھەیە.
گەنجان رێژەیەکی گەورەی دەنگدەران پێکدەھێنن و زۆربەشیان بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە کە ئەوەیش ھەڕەشەی جیددی بۆسەر ئایندەی ئەو پارتانەی کە ١٨ ساڵە حکومڕانی عێراق دەکەن، دروستکردووە.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە حکوومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جارێکی دیکە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دواناخەن، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات لەوانەیە پڕۆسەکە ھەڵبوەشێتەوە و ئەنجام نەدرێت و پەناببرێتە بەر تەواوکردنی خولی چوارەمی یاسادانان کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا کۆتایی پێدێت و ئەو کات دەبێت ھەڵبژاردن لە میانی ٤٥ رۆژدا لە رۆژی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت.
جگە لەوەیش دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە جارێکی دیکە، وا دەکات دووبارە خۆپیشاندەران دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە و دوا بکەن ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێتەوە و حکوومەتیش دەستلەکاربکشێنێتەوە لە کاتێکدا یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە.