سلێمانی
لە میانی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، نوێنەری پاپای ڤاتیكان كاردیناڵ فیرناندۆ فیلۆنی بە یاوەری باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق و وەفدێكی یاوەری سەردانی شاری سلێمانی كرد و ئاوارە مەسیحییەكانی نیشتەجێی شارەكەی بەسەر كردەوە.
دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، كاردیناڵ فیرناندۆ فیلۆنی پیرۆزبایی جەژنی قیامەتی حەزرەتی مەسیحی ئاراستەی هەموو مەسیحییەكانی جیهان كرد و گوتی: "ئەو جەژنە جەژنی ئاشتی و برایەتییە".
هەروەها سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و دانیشتوانی شارەكەی كرد بۆ لە ئامێزگرتنی ئاوارە مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا".
ئەو گوتی: "ئەو سەردانەمان بۆ هەرێمی كوردستان وەك ئەنجامدانی حەجێكە و هەوڵمداوە سەردانی هەموو ئەو ئاوارانە بكەین كە لەم ناوچەیەدان و لە دۆخێكی باشتردان، ئەوان ئایندەیەكی خۆشترو باشتر چاوەڕوانیان دەكات".
نوێنەری پاپای ڤاتیكان ئاماژەی بەوەش كرد، پێش هەشت مانگ كاتێك سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە دۆخێكی خراپدا ژیاون، بەڵام ئەمڕۆ دۆخیان باشترە و بەرە و باشتر دەچن.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون گوتی: "هاتنەكەی نوێنەری پاپای ڤاتیكان بۆ بەشداری كردنە لە رێوڕەسمی جەژنی قیامەتی مەسیح لەگەڵ ئاوارە مەسیحییەكانی كوردستاندا".
ئەو گوتی: "ئەركی سەرشانمانە ئاشتی و پێكەوە ژیان لە جیهان و هەرێمی كوردستان بپارێزین و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و پێكەوە ژیان هەیە".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی شارەكە نزیك بووەتەوە و هەموو لایەنەكان پێكەوە بەشداری تێدا دەكەن.