Zana Natık Kerem
11 شوبات 2026•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2026
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوری مالیکی ڕایگەیاند کە بوونی یەک سوپا لە عێراق سەقامگیری وڵات، دەستەبەر دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نوری مالیکی لە پەیامێکدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری داوەتەوە کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە لە ڕیگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر ئایندەی گەنجان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئاراستەی کرابوون.
باسی لەوەش کردووە کە نوری مالێکی لە وەڵامی پرسیارەکاندا ڕایگەیاندووە کە عێراقییەکان ساڵانێکی زۆرە، بەدەست شەڕ و توندوئاژۆییەوە دەناڵێنن و ئێستا شایەنی ئەوەن بە ئارامی و شکۆوە بژین.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوری مالیکی ھەروەھا جەختی لەوە کردووتەوە کە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەت بێت و بوونی یەک سوپا کە سەرجەم پێکھاتەکان لە خۆبگرێت لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکاندا، سەقامگیری وڵات دەستەبەر دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم سەقامگیرییە، کەشێکی پارێزراو دروست دەکات کە ھانی وەبەرھێنان دەدات و دەرفەتی کاری ڕاستەقینەیش بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و بەشدار دەبێت لە تەواوکردنی ھەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
ڕۆژی ٢٤ی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگییدا، بە زۆرینەی دەنگ نوری مالیکی کە بە کەسێکی نزیک لە ئێران دادەندرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بەربژێرکرا.
ھاوکات ڕۆژی ٢٧ی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ترەمپ داوای کردبوو کە سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق، ڕانەسپێردرێت.
ھەروەھا دۆناڵد ترەمپ ھۆشداری ئەوەشی دابوو، ئەگەر نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوە ئەمریکا چی دیکە یارمەتی عێراق نادات.