Bayram Altuğ
03 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2018
جنێڤ - AA
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگەیاند كه له دوای رووداوی گیان له‌ده‌ستدانی ئالانی كوردی كه پێش سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی له كه‌نار ده‌ریا له شاری بۆدرومی توركیا دۆزورایهوه تا ئێستا په‌ڕینه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی نایاسایی له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ ئه‌ورووپا "زۆرترین كاره‌ساتی گیانله‌ده‌ستدان"ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
له راپۆرتێكدا كه كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌ناوی "گه‌شته نائومێده‌كان" بڵاویكردووه‌ته‌وه، جارێكی دیكه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه ده‌ریای ناوه‌ڕاست چه‌نده بۆ كۆچبه‌رانی نایاسایی جێگه‌ی مه‌ترسییه.
له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه له سه‌ره‌تای 2018ه‌وه تا ئێستا زیاتر له هه‌زار و 600 كه‌س كه هه‌وڵیانداوه له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه به ئه‌ورووپا بگه‌ن گیانیان له‌ده‌ستداوه یان بێ سه‌روشوێنبوون.
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌ره نایاساییانه‌ی له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه گه‌یشتوون به ئه‌ورووپا به به‌راورد به ساڵانی رابردوو به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه، ژماره‌ی ئه‌وانه‌شی له‌و رێگه‌یه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌خێرایی به‌رزبووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه له هه‌ر 18 كه‌سێك كه له نێوان مانگه‌كانی كانوونی دووه‌م بۆ ئاب هه‌وڵیداوه له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه به ئه‌ورووپا بگه‌ن كه‌سێكیان گیانی له‌ده‌ستداوه یان بێ سه‌روشوێن بووه. له ساڵی 2017دا له هه‌ر 42 كه‌سێك، كه‌سێكیان گیانی له‌ده‌ستداوه یان بێ سه‌روشوێن بووه.
به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن له "گه‌شته‌كانی رێگای مه‌رگ" كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای له وڵاتانی ئه‌ورووپا كرد رێگای ئارام و یاسایی به‌ڕووی كۆچبه‌رانی نایاساییدا بكه‌نه‌وه، شوێنی نیشته‌جێبوون زیاد بكه‌ن و رێگریه‌كانی به‌رده‌م دیداری خانه‌واده‌كان هه‌ڵگرن.