Abdullah Shukur
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پیتەر کوک رایگەیاند کە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش، ئەمریکا ٢٥٠ سەربازی دیکە رەوانەی سووریا دەکات.
کوک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا رایگەیاند کە ٢٥٠ سەرباز رەوانەی سووریا دەکەن کە ژمارەیەکیان تیمی پزیشکی و لۆجیستی پێکدەهێنن.
کوک راشیگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما، رۆژی یەکشەممەی رابردوو بڕیارەکەی پەسەند کردووە. ھەروەھا ئاشکراشی کرد کە ئەو سەربازانە بە مەبەستی پشتیوانی و ھاوکاری سەربازیی بۆ ھێزە ناوخۆییەکان رەوانەی سووریا دەکرێن و ئێستاش ٥٠ سەربازیی ھێزی تایبەت لەو وڵاتە بوونیان ھەیە.
چەند ھەفتەیەک لەمەوبەر ئەمریکا، بڕیاری ناردنی ٢١٧ سەربازی دیکەی بۆ عێراق پەسەند کردبوو. و ناردنی ٢٥٠ سەربازی دیکە بۆ سووریا رۆڵێکی گرنگی لە شەڕی داعشدا دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەنجامدانی ھێرشی وشکانی لە لایەن سەربازانی ئەمریکا لە سووریا نەدا وگوتى: "ئەو سەربازانە لە ھێڵەکانی دواوەی بەرەکانی جەنگ ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
پارتی کۆماریی، رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و سەرۆکی کۆمیتەی خزمەتگوزاری چەکداری لە کۆنگرێسی ئەمریکا جۆن مەککین، رایگەیاند کە ناردنی ئەم ژمارە سەربازە وەک پێویست نییە و ناتوانن رۆڵی گرنگ بگێرێن.