Muhammet Ali Kemal
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی رایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری و هاوتا رووسییەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، سەبارەت بە دۆخی رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان گرێ داوە.
کیربی لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی رۆژانەی خۆیدا ئاشکرای کرد بابەتی سەرەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان کیری و لاڤرۆڤ، بریتی بووە لە دۆخی سووریا و رایگەیاند: ''وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ناسک و هەستیاری رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ لاڤرۆڤدا قسەیکردووە''.
جۆن کیربی جەختی لەوە کردەوە کاری لەپێشینەی ئەمریکا بریتییە لە پارێزگاریکردن لە زەمینەی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە رێککەوتنەکە و سەرنجی بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی رژێمی ئەسەد لە دەوروبەری حەڵەب راکێشا کە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا جۆن کیری لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمریکا پێشنیاری چاودێریکردنی سووریای داوەتە رووسیا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئاراستەی کیربی کرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمە بە مانای دابەشکردنی سووریا دێت یان نا، رایگەیاند: ''بەدڵنیاییەوە جۆن کیری بەهیچ شێوەیەک باسی دابەشبوونی سووریا ناکات. ئێمە لایەنگری یەکپارچەیی خاکی سووریاین''.
لەو لێدوانەدا کیری باسی لەوەکردبوو، بۆ ئەوەی پێکدادانەکانی دەوروبەری حەڵەب کەم بکرێنەوە و ئەوە روون ببێتەوە لە چ ناوچەیەکی سووریا کام گروپانە گروپی تیرۆریستیین، کام گروپانەی دیکە تیرۆریستیی نین، پێشنیاری ''سیستمی چاودێریی ٢٤ سەعاتی''یان داوەتە رووسیا و لەوبارەیەشەوە نزیکن لە رێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆدا.
کیربی سەبارەت بە پێشنیارەکەی کیری زانیاری و وردەکاریی نەدا و ئاماژەی بەوە کرد هەر وڵاتێکی ئەندامی گرووپی نێودەوڵەتی پشتیوانیکردن لە سووریا دەتوانێت ئەو جۆرە پێشنیارانە پێشکەش بکات و تاوتوێ بکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلیێڤ و سەرکۆماری ئەرمەنستان سێرج ساکیسیان بە جیا بەتەلەفۆن قسەی کردووە و هانیداون کە ئاستی گرژییەکانی نێوانیان داببەزێنن و دەستبکەنەوە بە دانوستان.