Rewa Mahmut Hasan
25 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2016
هانۆڤەر
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما بەشداری پێشانگای پیشەسازیی هانۆڤەری کرد و تێیدا گوتەیەکی پێشکەش کرد.
ئۆباما باسی لە هێزەتایبەتەکانی وڵاتەکەی کرد لە سووریا کە لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا بەسەرکەوتوویی کارەکانیان ئەنجام دەدەن و ئاشکراشی کرد کە بڕیاری داوە ژمارەی ئەو سەربازانە بکاتە ٢٥٠ سەرباز، ئەویش لە ژێر رۆشنایی ئەو سەرکەوتنانەی لە سووریا دژی داعش بەدەستیان هێناوە.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا ئۆباما ئاماژەی بەوەشدا کە بڕیاری داوە یارمەتی زیاتر رەوانەی هێزەکانی عێراق بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق.
ئۆباما داوای یارمەتی و پاڵپشتی زیاتری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد لەبارەی پرسی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا و داوای کرد کە رۆڵی زیاتر بگێڕن و هەروەها گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ دەتوانن کاری زیاتر بکەن لە عێراق و سووریا، بەو شێوەیەش دەکرێت بە رزگارکردنی ناوچەکە لە دەست داعش، سەقامگیری زیاتر بەرجەستە بکرێت".