Muhammet Ali Kemal
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە روونکردنەوەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەبارەت بەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە سووریا دەکێشێتەوە، رایگەیاند ''ئەگەر بێت و کەشی ئەوە درووست بکرێت کە لەوێ دەکشێنەوە ئەم درووست و واقعی نابێت. رووسیا خۆی دوو بنکە و ژمارەیەک سەربازی هەیە کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکان جێگیری کردوون''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە کەناڵی ئێن تی ڤی، روونکردنەوەی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دا و لەبارەی لێدوانەکەی ڤلادیمیر پوتین-ەوە ئاماژەی بەوەکرد پێشتریش رووسیا باسی لەوەکردبوو کە سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە سووریاوە کشاندووەتەوە، بەڵام کاتێک پێکدادانەکان چڕبوونەوە سەربازی زیاتری لەوەی کە کشاندبوویەوە هێنایەوە بۆ سووریا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش بەهەرشێوەیەک بێت لە سووریا قۆناغی گرنگی تێپەڕاندووە و تیشكی خستەسەر ئەوەی کە رژێم، ئێران و رووسیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سێقۆڵیدا تواناکانیان لەسەر بابەتی دیکەش چڕکردووەتەوە. باسی لەوەشکرد رووسیا و ئەمریکا لە ناوچەکە بنکەیان هەیە و رایگەیاند ''هەر لەبەرئەوە ئەگەر بێت و کەشی ئەوە درووست بکرێت کە لەوێ دەکشێنەوە ئەم درووست و واقعی نابێت. رووسیا خۆی دوو بنکە و ژمارەیەک سەربازی هەیە کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکان جێگیری کردوون''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە عەفرین گوتی: ''بۆ چوونە ناوەوەی ئێمە بۆ عەفرین یان بۆ شوێنێکی دیکە، یان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تیرۆریستانەی کە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئێمە، پێویست بەوە ناکات کەسێک لەوێ بوونی هەبێت یان بوونی نەبێت. ئایا مەرجی گرنگ بۆ ئێمە بوونی هەڕەشە نییە؟ هەروەها کاتی هەڕەشەکە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بە گرنگییەوە باسی لەوەشکرد کە ئامانجی ئێستای تورکیا رژێمی سووریا یان وڵاتانی دیکە نییە کە پەیوەندییان لەگەڵیاندا پچڕاوە و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەکی لەوجۆرە جێگەی باس نییە.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوەکرد ''کە لە ئێستادا هەڕەشەیان لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدە/پەکەکەوە لەسەرە'' و ئەگەر بێت و ئۆپەراسیۆنێکی لەوشێوەیە ئەنجامبدرێت ئەوا پێشوەخت زانیاریی لەبارەیەوە دەدرێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزەکانی یەپەگە لە عەفرین و لەژێر چاودێریی رووسیادا بکشێنەوە و هێزەکانی رژێم شوێنیان بگرنەوە یان نا، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند ''لە سووریا هەموو ئەگەرێک رێگەی تێدەچێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێوە لەبەرامبەر ئەم ئەگەرانەدا چی دەکەن؟ زۆر شت کە دەگوترا مەحاڵە لە سووریا ئەنجامدران. لە لایەک پێکدادان هەیە و لە لایەکی دیکە بە شێوەی ئەمری واقع هاریکاریی هەیە''.