Esat Fırat
30 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2021
قودس - AA
سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی، مەحموود عەباس، ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئەو کاتەی رێگە بە بەشداریکردنی ئەو فەڵەستینیانە دەدرێت کە لە خۆرهەڵاتی قودسی داگیرکراو دەژین، هەڵبژاردنەکان دوا دەخرێت.
مەحموود عەباس بەیاننامەی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەی سەرکردەکانی فەڵەستینی راگەیاند کە لە شاری رامەڵڵای کەرتی خۆرئاوای دایرکراو بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو هەڵبژاردنانەی فەڵەستین کە بڕیارە ٢٢ی ئایار ئەنجام بدرێت.
لە گوتارێکیدا کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە تەلەڤیزیۆنی حکوومی فەڵەستیندا پەخشکرا، عەباس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل رێگەی نەداوە هەڵبژاردنەکانی فەڵەستین لە خۆرهەڵاتی قودسی داگیرکراو بەڕێوەبچن و، رایگەیاند: ''هەتا دڵنیا نەبین لە بەشداریکردنی گەلەکەمان لە قودس لەو هەڵبژاردنانەدا، بڕیارمان داوە هەڵبژاردنەکان دوابخەین''.
مەحموود عەباس باسی لەوە کرد کە دوای شکستهێنانی هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ قایل کردنی ئیسرائیل ئینجا ئەو بڕیارە دەرکراوە.
سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی عەباس، وادەیەکی نوێی لەبارەی هەڵبژاردنەکان رانەگەیاند.
لەو بەشەی کۆبوونەوەکەدا کە کراوەبوو بەرووی راگەیاندندا، عەباس رایگەیاند: ''بە بێ قودس ناچینە هەڵبژاردنەوە. دەمانەوێت وەک کەرتی خۆرئاوا لە قودسیش هەڵبژاردن بکەین''.
گوتەبێژی لیستی هەڵبژاردنی حەماس، عەلا حامیدان، دوێنێ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەشداری ناکەن لە کۆبوونەوەی سەرکردە فەڵەستینییەکان کە لە لایەن حکوومەتی فەڵەستینەوە ساز دەکرێت و، بە دڵنیاییەوە دواخستنی هەڵبژاردنەکان رەت دەکەنەوە.
لە کۆبوونەوەی سەرکردە فەڵەستینییەکاندا کە لە لایەن نووسینگەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی، مەحموود عەباسەوە رێکخرابوو، لە پاڵ عەباسدا هەر یەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی رێکخراوی ئازادی فەڵەستین، ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بزوتنەوەی فەتح، نوێنەرانی فراکسیۆنی فەڵەستینی، سەرۆکی هێزەکانی ئاسایشی فەڵەستین و نوێنەرانی حکوومەتی فەڵەستین ئامادەبوون.
سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی عەباس، لە ١٥ی کانوونی دووەمدا، بڕیارنامەیەکی واژوو کرد کە تیایدا پێشنیار دەکات هەڵبژاردنەکان لە خاکی فەڵەستینی داگیرکراو و گەمارۆدراودا هەڵبژاردن بکرێت.
لە بڕیارنامەکەدا پێشنیار کرابوو لە ٢٢ی ئایاردا هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە ٣١ی تەمووزدا سەرۆکایەتی و لە ٣١ی ئابدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڵەستین ئەنجام بدرێت.