Adem Şalvarcıoğlu,Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
25 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2018
ئه‌نقه‌ره- AA
له راپۆرتی ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی ئۆتاریۆدا ئه‌وه ئاشكراكراوه كه زیاتر له ٢٤ هه‌زار موسڵمانی رۆهینگیا له میانمار كوژراون.
له‌و راپۆرته شیكارییه‌ی ئاژانسه‌كه‌دا كه دامه‌زراوه و ده‌زگاكانی لێكۆڵینه‌وه له هه‌ریه‌ك له ئوستڕاڵیا، به‌نگلادیش، كه‌نه‌دا، نه‌رویج و فلیپین به‌شدارییان تیادا كردووه، ئاماژه به‌وه‌كراوه له مانگی ئابی ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا له ئه‌نجامی سته‌می هێزه چه‌كداره‌كانی میانماردا، زیاتر له ٢٤ هه‌زار موسڵمانی رۆهینگیا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
باس لهوهشكراوه زیاتر له ٤٠ هه‌زار موسڵمان به چه‌ك برینداركراون و ١١٤ هه‌زاریان به‌ره‌وڕووی لێدان بوونه‌ته‌وه و ٣١ هه‌زاریان خراونه‌ته نێو ئاگره‌وه.
هه‌روه‌ها تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی ١١٥ هه‌زار خانووی موسڵمانان رۆهینگیا سووتێنراون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ١١٣ هه‌زار خانووی دیكه له ئه‌نجامی هێرشه‌كاندا زیانیان به‌ركه‌وتووه.
- ته‌نانه‌ت كۆرپه‌ی چوار مانگه سووتێنراوه
له راپۆرته‌كه‌دا گوته‌كانی ئافرەتێکی موسڵمانی رۆهینگیا، حه‌سینه به‌گوم جێكراوه‌ته‌وه كه باس له‌وه‌ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی میانمار گوندی تۆلاتولییان گڕتێبه‌رداوه و دانیشتوانه‌كه‌یان كوشتووه، ئه‌وانه‌شی كه ویستوویانه هه‌ڵبێن له لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه له كه‌ناری رووبارێكدا راگیراون و گولـله بارانكراون.
حه‌سینه به‌گوم باسی له‌وه‌كردووه هێزكانی میانمار لانیكه‌م ٥٠-٦٠ كه‌سیان به ده‌ستدڕێژی گولـله كوشتووه و ژمارەیەک له‌وانه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خۆیان هه‌ڵداوه‌ته ناو رووباره‌كه‌وه توانیویانه له كوشتن رزگاریان ببێت.
حەسینە به‌گوم تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جه‌سته‌ی كوژراوه‌كان سووتێنراون و ته‌نانه‌ت كۆرپه‌ی تەمەن چوار مانگه له لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه سووتێنراوه.
رێكخراوی پزیشكانی بێ‌سنوور رایگه‌یاندبوو له ٢٥ی ئاب تاكو ٢٤ی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو، نۆ هه‌زار و ٤٠٠ موسڵمانی ئاراكان كوژراون.
- پاكتاوی ره‌گه‌زی موسڵمانانی ئاراكان
به‌پێی داتاكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی ئه‌و موسڵمانانه‌ی له ٢٥ی ئابی ٢٠١٧ه‌وه ناچاربوون له ئاراكانهوه كۆچ بكه‌ن بۆ به‌نگلادیش ٧٠٠ هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه. رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری مافی مرۆڤ له رێگای تۆماركردنی گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و سه‌دان گونده‌ی له‌گه‌ڵ خاك تهختكرابوون به هۆی مانگی ده‌ستكرده‌وه ئه‌وه‌یان سه‌لماند.
به هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌تی به دیكۆمێنتنهكردنی ره‌وشی ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ره‌كان ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه نه‌چۆته واری جێبه‌جێكردن كه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاراكانیه‌كان له نێوان میانمار و به‌نگلادیش واژووی له‌سه‌ركراوه.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ئه‌و توندوتیژیه‌ی به‌رامبه‌ر موسڵمانانی ئاراكان گیراوه‌ته به‌ر به "پاكتاوی ره‌گه‌زی" یان "كۆمه‌ڵكوژی" ناوده‌به‌ن.
وێڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی میانمار چوونی میدیا و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بۆ ویلایه‌تی ئاراكانی زۆر سنووردار كردووه هاوكات تاكو ئێستا پابه‌ندنه‌بووه به‌و به‌ڵێنانه‌ی داویه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی موسڵمانان بۆ زێدی خۆیان.
ئه‌و موسڵمانه ئاراكانیانهی په‌نایان بۆ به‌نگلادیش هێناوه و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ترسیان له‌وه هه‌یه كه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه بۆ میانمار بێ گرتنه به‌ری رێوشوێنی ئه‌منی چڕ‌وپڕ له‌وانه‌یه پاكتاوێكی دیكه‌ی ره‌گه‌زی لێ بكه‌وێته‌وه.