İdris Sülün
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2022
کوالا لومپور – AA
دەگوترێت ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad) لە مالیزیا شەش ئامانجی دیکەی فەڵەستینی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.
رۆژنامەی "New Straits Times"ی مالیزیایی بڵاوی کردەوە کە دوای ئەوەی مانگی رابردوو پڕۆگرامسازێکی فەڵەستینی لە کوالا لومپور رفێندرا لەوانەیە لە کاتێکی گونجاودا سیخوڕەکانی مۆساد هێرش بکەنەوە سەر ئامانجەکانی فەڵەستین.
ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگای گەیشتن بەو ئامانجە دیاریکراوانە لە سەرتاسەری جیهان زیان بە بەرنامەی حەماس بگەیەنێت بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو ئەندازیار و زانایانەی هیوا بە فەڵەستینییەکان دەبەخشن.
ئەو سەرچاوانەی بۆ "New Straits Times" دواون ئاماژەیان بەوە داوە کە مۆساد، لانیکەم چاودێری شەش فەڵەستینی دەکات کە لە مالیزیا دەژین.
ئەم کەسانە کە خراونەتە ژێر راداری مۆساد، زۆربەیان لەو مامۆستایانەی زانکۆ پێکدێن کە لە بەشە جیاوازەکان بە ئەندازیاریشەوە وانە دەڵێنەوە.
بانگەشەی ئەوەی دەکرێت کە ژنێکی مالیزیایی تەمەن ٣٥ ساڵ سەرۆکایەتی تیمەکەی مۆساد دەکات لە مالیزیا.
رۆژنامەکە لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم ژنە لە ٢٠١٨ لەلایەن مۆسادەوە خراوەتە سەر کار و مەشق و راهێنانی تایبەتی پێ کراوە.
دەستبەکاربوونی ئەم ژنە لە مۆساد، هاوکاتە لەگەڵ کوشتنی ئەندازیاری فەڵەستینی و ئەندامی حەماس، فادی بەتش لە ٢٠١٨ کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لەلایەن سیخوڕەکانی مۆسادەوە کوژراوە.