Aydoğan Kalabalık
17 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2021
قاھیرە - AA
ئەو کاروانی بارھەڵگرانەی کە پێداويستى و ھاوکاری مرۆیی ھەڵگرتووە و میسر بۆ فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززەى ئامادەکردووە، بەرەو دەروازەی سنووری رەفەح بەڕێکەوت.
بەپێی ھەواڵێكی ئاژانسی ھەواڵی فەرمیی میسر MENA، ئەو ھاوکارییانە لەسەر فهرمانی سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و لە چوارچێوەی ھەماھەنگییەک لەگەڵ فەڵەستینییەکانی غەززە نێردراوە.
ھەواڵەکە ھیچ زانیاری و وردەکارییەکی لەسەر جۆری ھاوکارییەکان و کاتی گەیشتنی کاروانەکە بۆ غەززە بڵاونەکردووهتهوە.
ژمارەی قوربانیانی ھێرشە ئاسمانیی و وشکانییەکانی ئیسرائیل کە لە ١٠ی ئایارەوە بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، تا دێت روو لە ھەڵکشان دەکات.
لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تا ئەم کاتە، ١٩٧ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە ٥٨یان منداڵ و ٣٤یان ژنن و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ھەزار و ٢٣٥ کەس بەرزبووەتەوە و دەیان باڵەخانە بە تەواوەتی رووخاون یان بەکەڵکی بەکارھێنان نەماون.