Safvan Allahverdi,Rewa Mahmood Hasan
26 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2019
واشنتۆن-AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت، مارک ئیسپەر رایگەیاند کە ئەوان خوازیاری شەڕ نین لەگەڵ ئێران و دووپاتیکردەوە کە دەبێت گرژییەکانی ئێستا لە رێگەی دیپلۆماسییەتەوە چارەسەر بکرێن.
مارک ئیسپەر لە میانی بەڕێکەوتنی بۆ بەلجیکا لەناو فڕۆکەدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
بەپێی هەواڵێک کە لە میدیای ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، مارک ئیسپەر لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوە رایگەیاندووە، "سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە نامانەوێت لەگەڵ ئێران بجەنگین. ئەمریکا رێگای دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت نەوەک شەڕ لەگەڵ ئێران."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش داوە کە هەموو لایەک دەبێت پێکەوە کار بکەن تاکو ئێران بەرەو دیپلۆماسییەت هەنگاو بنێت و رایگەیاندووە، پێشهاتەکانی ئەم دواییانە تەنها گرژی نێوان ئەمریکا و ئێران نەبووە، بەڵکو پەیوەست بووە بە جوگرافیایەکی فراوانترەوە.
مارک ئیسپەر رایگەیاند کە ئامانجیانە ئیدارەی تاران بەرەو رێککەوتنێک پەلکێش بکەن کە لەوەی پێشتر باشتر بێت و هیوای خواست کە سەرجەم وڵاتانی دیکە فشار لە ئێران بکەن لەو بارەیەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت، مارک ئیسپەر لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی کە ئایا بانگەوازی هاوپەیمانییەتی دژبە ئێران دەکەن یان نا؟ گوتی: "بەڵێ، بەڵام بەواتای سەربازی نا، بەڵکو هاوپەیمانییەک لەسەر تەوەری دیپلۆماسی و یەکڕیزی".